ژمارەیەک منداڵی داعش لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگوازرێنەوە بەلجیکا

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا: پێویستە بە زووترین کات رێککارەکانی گواستنەوەی ئەو منداڵانە ئامادەبکرێت
کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24 - هەولێر

بەمەبەستی گواستنەوەی منداڵانی داعش شاندێکی وڵاتی بەلجیکا چووەتە رۆژئاوای کوردستان.

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، ئەلیکساندەر دی کرو رایگەیاند، شاندێکی تایبەتیان ناردووەتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو منداڵە داعشانەی کە بە رەگەز بەلجیکین لە کەمپی هۆل-ی رۆژئاوای کوردستانن.

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە بە زووترین کات رێککارەکانی گواستنەوەی ئەو منداڵانە ئامادەبکرێت، بەهۆی ئەوەی رەوشی مرۆی لە کەمپی هۆل لە ئاستێکی خراپدایە و ئەگەری هەیە رەوشی کەمپەکە خراپتری لێ بێت.

لە مانگی ئاداری رابردوو سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا بەڵێنی دابوو، ئەو منداڵانەی کە بەرەگەز بەلجیکین و تەمەنیان لە خوارەوەی 12 ساڵانە دەگەڕێننەوە وڵاتەکەیان.

پێشتر نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان داوای لە وڵاتان کردبوو، نزیكه‌ی 27 هه‌زار منداڵی نیشتەجێی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان وەربگرنەوە، کە بەشی زۆریان منداڵی چەکدارانی داعشن، ئەو چەکدارانەی رۆژانێک شار و شارۆچکە و خاکی فراوانیان بەدەستەوە بوو.

كه‌مپی هۆل، یه‌كێكه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران‌ له‌ سووریا، ده‌كه‌وێته‌ باشووری شاری هۆل، له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان، له‌سه‌ر سنووری عێراق- سووریا، دانیشتووانی كه‌مپه‌كه‌، له‌ پاشماوه‌كانی چه‌كدارانی داعشن له‌ سووریا، هێزه‌كانی سووریا دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كه‌مپه‌ ده‌كات. سه‌ره‌تا كه‌مپه‌كه‌ 10 هه‌زار په‌نابه‌ری له‌خۆده‌گرت، به‌ڵام ژماره‌كه‌ی به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و ئێستا 74 هه‌زاری په‌نابه‌ری تێدا ده‌ژی، كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵن.