رووداوێکی هاتووچۆ، شایی لە بوک و زاوایەک دەکاتە شین

دایک و باوکی بووک گیانیان لەدەستدا
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ژن و مێردێکی بە تەمەن کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، بەڕێگاوە دەبن بۆ لای خزم و ناسیاوەکانیان، بۆ ئەوەی کارتی ئاهەنگی گواستنەوەی كچەکەیان پێبدەن، بەڵام لەسەر شەقامی 120 مەتری گەنجێک بە خێراییەکی زۆر لە دواوە خۆیان پێدا دەکێشێت و بەوهۆیەوە ژن و مێردەکە گیان لەدەستدەدەن و دوو منداڵیشیان بریندار دەبن.

فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت "کاتێک دەربارەی رووداوەکە پرسیار لە گەنجەکە کراوە، لە وەڵامدا تەنیا گوتویەتی کاتێک سەرم بڵند کرد زۆر لە ئۆتۆمبێلی ژن و مێردەکە نزیک بووم، ئۆتۆمبێلەکەم پێ کۆنترۆل نەکرا".

بڕیاربوو کۆبوونەوەی ئەو خێزانە بۆ شایی بێ، بەڵام ئەوەی هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات شاییەکان لێ ببێتە شین.  ساڵح حوسێن، برای کۆچکردووەکەیە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "بڕیار بوو رۆژی سێشەم برازاکەی خۆی بۆ کوڕەکەی بگوازێتەوە، بەڵام ئێوارەی رۆژی هەینی، براو براژنەکەی، کە دەکەنە باوک و دایکی بووکەکە لەوکاتەی بەڕێگاوە بوون بۆ دابەشکردنی کارتی بانگهێشتنامەی ئاهەنگی گواستنەوەی کچەکەیان بەسەر خزمەکانیان، بەهۆی تیژڕەوی گەنجێکەوە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و گیانیان لەدەستدا.

خانەوادەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، ماوەی 10 ساڵە لە هەولێر دەژین. عەلی ساڵح حوسێن، زاوایەکەیە کە خەسو و خەزووری لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بە کوردستان24ی گوت "خەزوورم کە لە هەمانکات مامم بوو، بۆ من هەموو شتێک بوو".