گەڵف کیستۆن لە هەرێمی کوردستان دەست بە پڕۆسەی هەڵکەندن دەکاتەوە

"بەرهەمهێنان لەمساڵدا، لە نێوان 40 بۆ 44 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت"
کێڵگەی نەوتی شێخان
کێڵگەی نەوتی شێخان

K24 - هەولێر

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بڵاویکردووەتەوە، دەستی بە پڕۆسەی هەڵکەندنی بیری SH-13‌ کردووە و پێشبینی دەکەن بەر لە وادەی خۆی تەواو بکرێت، هەروەها بە گوێرەی خەملاندنەکانی کۆمپانیاکە ئاستی بەرهەمهێنانیان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەرزتر دەکەنەوە.

ئەو کۆمپانیا نەوتییە رایگەیاندووە، هەروەک بڕیاریاندابوو لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا دەست بە پڕۆسەی هەڵکەندن دەکەنەوە، دوای کارکردن لە بیری SH-13 دەست بە کارەکانی بیری SH-I، پێشبینیش دەکەن، تێکڕای بەرهەمهێنان بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ بەرزبێتەوە.

كۆمپانیاکە ئاماژەیداوە، ناوەندی بەرهەمهێنان لەمساڵدا، لە نێوان 40 بۆ 44 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت.

كۆمپانیای گەڵف کیستۆن ئاشکرای دەکات، بۆ ساڵی 2021 و تاوەکو ئێستا 100.8 ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوت و وەرگرتنەوە بڕە درەنگکەوتووەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووەتەوە، کە لەو بڕەی وەرگیراوە 78.9 پوختە بۆ کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بووە.