چەند تێبینیەك لەسەر کشانەوەی بی پی لە رۆمەیلا

Kurd24

K24- هه‌ولێر:

رۆژی هەینی هەواڵێك لە "وۆڵ ستریت جورناڵ"، (وەك یەکێك لە گرینگترین رۆژنامەکانی جیهان) بڵاوبووەوه‌ سەبارەت بەوەی بی پی (بریتیش پێتڕۆڵیۆم) - کۆمپانیای نەوتی به‌ریتانی، بەنیازه‌ بە پێی پلانێك، کاری خۆی وەك ئۆپەرێیته‌ر لە کێڵگەی رۆمەیلا رادەستی کۆمپانیایەکی دیکە کە بۆ ئەو مەبەستە دادەمەزرێندرێت بکات و وەبەرهێنان و پارەی خۆی بۆ مەبەستی دیکە وەکو پەرەپێدان بە وزە نوێیەکان بگوازێتەوە، ئەوە هەواڵێکی زۆر گرینگ بوو و پێویستە زۆر بە وردی شیکاری بۆ بکرێت، چونكه‌ بە بڕوای من لەسەر داهاتووی عێراق کاریگەری زۆری دەبێت.

چەند خاڵێکی مێژوویی و گرینگ لەسەر ئەو هەواڵە:

1. پاش رووخاندنی حکومەتی سەدام لە ساڵی 2003، به‌ریتانیا ئەرکی پاراستنی بەسرەی گرتە ئەستۆ و ئەمه‌ریکاش پارێزگاکانی دیکەی عێراق. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گرینگی ئەو کێڵگە نەوتیانەی بەسرە بۆ به‌ریتانیا، بەتایبەت کاتێك بی پی وەك یەکەم کۆمپانیای نەوتی بیانی لە 2009 گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق واژوو کرد، ئەویش بۆ کێڵگەی رۆمەیلا لە بەسرە.

2. رۆمەیلا گرینگترین کێڵگەی نەوتی عێراق، ئەو کێڵگەیە خاوەنی زیاتر لە 17 ملیار بەرمیل یەدەگی نه‌وته‌، واتا یەك لەسەر شەشی (16%)ی کۆی یەدەگی نەوتی عێراق پێكده‌هێنێت. بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە لە کۆتایی حەفتاکان، گەیشتووه‌تە زیاتر لە یەك میلیۆن بەرمیل نه‌وتی رۆژانه‌. واتا، هەم کێڵگەكە دەوڵەمەندە و هەم توانای بەرهەمهێنانیشی بەرزە. بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە زۆر بە خێرا و پاش هاتنی بی پی بەرزبووەوه‌ و گەیشتە یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار بەرمیل نه‌وتی رۆژانه‌. واتا نزیکەی٤٠%ی کۆی توانای بەرهەمهێنانی عێراق.

3. بی پی (وەك ئۆپەرێیته‌ر کۆنسێرسیۆمەکەیان کە سی ئێن پی سی چینی و سۆمۆش تێیدا هاوبەشن)، بووە خاوەن گرینگترین پێگە لە کەرتی نەوتی عێراق. بەدڵنیاییەوە ئەو پێگەیە توانایەکی سیاسی تایبەت به‌ بریتانیا ده‌دات لە عێراق، کە دامەزرێنەری عێراق بووە و لە سەردەمی عوسمانیەوە رۆڵ و کاریگەری گرینگی لە ناوچەکانی باشووری عێراق هه‌بووه‌.

4. بی پی بە کەمترین خەرجی و وەبەرهێنان لە رۆمەیلا (چون وەك باسکرا، کێڵگەیەکی دەوڵەمەندە بە یەدەگی نەوت و خاوەن مێژووی بەرهەمهێانی زیاتر لە میلیۆنێك بەرمیل و ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش بووە)، داهاتێکی بەرچاوی دەست دەکەوت. بۆ بەرهەمهێنان لە کێڵگەیەکی بەو توانایە کە یەدەگه‌ نەوتییەکەی تەنیا به‌قووڵایی 2 هه‌زار و 400 مه‌تر لە ژێر زه‌وی بەردەست بووە، بی بی پی و گرووپه‌كانی، 2 دۆڵاری بۆ هەر بەرمیلێك دەست دەکەوت، واتا رۆژانە 3 میلیۆن دۆلار و لە ساڵ زیاتر لە یەك ملیار دۆلار (لە نزیك 400 میلیۆن دۆلاری پشکی بی پی بووە). ئەوەش جگە لەو خەرجیانەی کە گومانیان لەسەرە و دەگوترێت: بی پی بۆ حکومەتی عێراق فاکتۆری کردووه‌.

5. کشانەوەی بی پی وەك ئۆپه‌رێیته‌ر و رووکردنە وزە نوێیەکان، واتا رۆمەیڵا بەو سامان و توانایەوە بە قەدەر وزە نوێیان بۆ بی پی سەرنجڕاکێش نەماوە، ئەوەش لەکاتێك دێت، داهاتی بی پی لە رۆمەیلا بەرامبەر بە خەرجیەکانی زۆر بەرچاوە، واتا پێناچێت هۆکاری دابەزینی سەرنجڕاکێشی رۆمەیلا، بواری دارایی و داهات بێت بۆ بی پی!

6. کشانەوەی بی پی لە بەڕێوەبردنی رۆمەیلا پاش کشانەوەی بی پی لە کەرکووك دێت، کە سەرەڕای ئەوەی بەپێی داتاکان خاوەنی زیاتر لە 9 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە، بەڵام بی پی ساڵی رابردوو رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکانی ئەو کێڵگەیەیان بە سەرنجڕاکێش هەڵنەسەنگاندووە و شایانی وەبەرهێنان نیە، بەڵام پێدەچێت کێشەی بی پی، گواستنەوەی بەرهەمی کەرکووك بێت نەك خودی بەرهەمەکە، چونكه‌ تەنیا رێگای دەکەوتە هەرێمی کوردستانەوە….

7- پێدەچێت ئێستا به‌ریتانیا لە بواری ئابووری و بەتایبەت نەوت، خۆی لە عێراق بکشێنێتەوە و بەدڵنیاییەوە ئەوە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر پەیوەندی سیاسی و کاریگەری به‌ریتانیا لەسەر عێراق دەبێت.

8. بە دابەزاندنی چالاکی کۆمپانیای بی پی لە عێراق، کە دوای هەڵوێستی هاوشێوەی کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان دێت، گومان دەکرێت، هۆکاری سەرەکی مەترسی تێوەگلان لە گەندەڵی گشتگیری کەرتی نەوتی عێراق بێت و بەو هەنگاوەش کەرتی نەوتی عێراق زیاتر لە پێشوو رادەستی کۆمپانیا چینی و رووسیەکان دەکرێت.

9. دابەزینی پەیوەندی ئابووری عێراق و وڵاتانی رۆژئاوایی (بەتایبەت ئەمه‌ریکا و به‌ریتانیا)، دەتوانێت عێراق زیاتر بخاتە ژێر کاریگەری میلیشیا و هەروەها هێزە بیانیەکانی پاڵپشتی ئەوان و ببێتە هۆی لاوازی زیاتری ئەمنی و سیاسی عێراق و ناسەقامگیری زیاتری ئەو وڵاتە. لێرەوە، وڵاتانی رۆژئاوایی هەم خواستیان بۆ سەقامگیری عێراق کەمتر دەبێت و هەم توانا و پەیوەندیان بۆ کاریگەری لەسەر لایەن و حکومەتی عێراق لاوازتر دەبێت.

بەڵام ئەو هەنگاوەی بی پی، پاش هەنگاوی هاوشێوەی کۆمپانیا ئەمه‌ریکیەکان، دوتوانێت ببێتە هۆی چەندین هەل و هەڕەشە بۆ کوردستان، وەك:

1. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت چاکسازی بنەڕەتی لە بواری ئابووری و ئیداری کوردستاندا بکات، ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن زیاتر روو بکەنە کوردستان و بە وەبەرهێنان لە کوردستان له‌ڕێگه‌ی پردێك ئاسایشی نەتەوەیی و وزەی کوردستان و ئەو وڵاتانە بەیەكه‌وه‌ ببەستنەوە.

2. بە دابەزاندنی ئاستی کاری بی پی لە عێراق، پێدەچێت چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووکیش ئاسانتر و خێراتر بکرێت و ئەگەر به‌ریتانیا بەهۆی بی پی و بەرژەوەندیەکانی ئەو کۆمپانیایە لە کەرکووك، رێگربوو بێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەو هەڵوێستەی به‌ریتانیا ده‌گۆڕدرێت یان لاواز ده‌بێت.

3. ئێستا باشترین کاتە بۆ بانگهێشتکردنی کۆمپانیای بی پی بۆ کوردستان و ئەو کێشەیەی زیاتر لە 100 ساڵە بەختی کوردی بۆ داڕشتنی چارەنووسی خۆی کوێر کردووە، بڕەوێندرێتەوە، هەڵبەت ئەمه‌ش پێویستی به‌ کات و هه‌وڵی تایبەت دەبێت.

4. لێرە بەدواوە لە نێوەندگیری ناکۆکی نێوان کوردستان و بەغدا، رۆڵی رۆژئاوا (بەتایبەت به‌ریتانیا و ئەمه‌ریکا) هەردێت و لاوازتر دەبێت و رۆڵی وڵاتانی دیکەه‌ وەك چین و رووسیا و وڵاتانی ناوچەیی وەك ئێران و سعودیە گرینگتر دەبێت، حکومەتی هەرێم دەبێت چارەیەك بۆ ئەو ئەگەرە بدۆزێتەوە.

5. بە دابەزینی پاڵپشتی ئەمه‌ریکا و به‌ریتانیا بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق، لە ئەگەری ناکۆکیەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا، پاڵپشتی رۆژئاوا بۆ بەغدا لاوازتر دەبێت و پێگەی کوردستان لە ناوەندە نێوەدەوڵەتیەکان بەهێزتر دەبێت.

H.B