چیرۆكی شه‌هیدكردنی 16 ئه‌ندامی دوو خانه‌واده‌ی گوندی دێزو له‌سه‌ر ده‌ستی په‌كه‌كه

K24- هه‌ولێر:
بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها په‌لكێشكردنی سوپای توركیا و هۆكاری چۆڵبوون و سووتاندنی گونده‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو په‌كه‌كه چه‌ندین تاوانی كوشتن و سوتاندنی ده‌رهه‌ق به‌دانیشتوانی گونده‌كانی ناوچه سنووریه‌كان كردووه، تاوانی گوندی دێزوی سه‌ربه شارەدێی شیروان مه‌زن، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین و دڕندانه‌ترین تاوانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه كه له چركه‌ساتێكدا 16 كه‌سی دوو خانه‌واده‌یان له ئافره‌ت و منداڵ و پیر و گه‌نج و ئافره‌تی دووگیان شه‌هید كرد، دواتریش له نێوماڵه‌كانی خۆیاندا ته‌رمه‌كانیشیان سووتاندن.
له‌گۆڕستانی گونده‌كه‌یان هاتووه‌ته سه‌ردانی گۆڕی ئازیزانی، ئاخیر له یاده‌وه‌ری هه‌ڵگری چیرۆكێكی جه‌رگبڕ و ناخ هه‌ژێنه، كه گێرانه‌وه‌ی ئاسان نیه، له‌چه‌ند خوله‌كێك دا 16 ئازیزی له‌ده‌ستداوه، له‌ده‌ستدانێك دوای تێپه‌ڕبوونی (24)ساڵ هێشتا به بیرهێنانه‌وه‌ی ئازاری ده‌ده‌ن، قوڵپی گریان ریگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی پێنادات.
دانیشتوانی گوندی دێزو گه‌واهیده‌رن بۆ بێ تاوانی قوربانیان و تاوانێكی گه‌وره‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، كه له‌و گونده‌ی ده‌ڤه‌ری بارزان ئه‌نجامیانداوه، كاتژمێر 11ی شه‌وی 21 له‌سه‌ر 22ی مانگی 10ی ساڵی 1997 چه‌كدارانی په‌كه‌كه هێرشیان كرده سه‌ر گوندی دێزوی ده‌ڤه‌ری بارزان و له‌چه‌ند خوله‌كێكی كه‌مدا 16 كه‌سیان له منداڵ و پیر و گه‌نج و ئافره‌ت شه‌هید كرد، دواتریش له نێو ماڵه‌كانیاندا سووتاندیان، یه‌كێك له‌ئافره‌ته‌كان دووگیان بووه و دوای شه‌هیدكردنی خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی و هه‌رشه‌ش منداڵه‌كه‌شیان شه‌هید ده‌كه‌ن و ده‌یان سووتێنن، ئه‌مه چیرۆكێكی ناخ هه‌ژێنه ده‌رهه‌ق به‌دوو خێزانی هاونه‌ته‌وه‌ی خۆیان و تا ئێستاش گونده‌كه به چۆڵی ماوه‌ته‌وه.
H.B