پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت

"بەرەو چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی کارەبا هەنگاو دەنێت"
پێوەری زیرەکی کارەبا
پێوەری زیرەکی کارەبا

K24 - هەولێر

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراون، بەهۆیەوە بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەرزبووەتەوە و تا ئاستێکی باش دادپەروەری لە دابەشکردن و پێدانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان بەدیهاتووە.

عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پێوەری زیرەک بە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی کارەبای رایگەیاندووە "لە %48 هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان خاوەن پێوەری زیرەکن، لە کۆی 1,480,000 هاوبەشی کارەبا، پێوەری زیرەک بۆ نزیکەی 700,000 کەسیان بەستراوە و هەر دوو کرداری دیاریکردنی وزەی کارەبا و چاپکردنی پسولە بە سیستمی تۆڕی زیرەک کەوتوونەتە کار".

ئاماژە بەوەشکراوە، بە هۆی بەسترانی %48 پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئەم سوودانەی خوارەوە بەدەستهاتوون:

- کەمکردنەوەی رێژەی بەفیرۆدانی وزەی کارەبا لە لایەن هاوبەشانەوە.

- بەرزبوونەوەی رێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی.

- کەمکردنەوەی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان کە بووە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی هاوبەشانی مولیدە ئەهلییەکان بۆ 5 هەزار دینار لەم مانگەدا، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراق (15-10) هەزارە.

- کەمبوونەوەی پیسبوونی ژینگە.

- کەمبوونەوەی کێشەی هاوبەشان لە رووی وزەی کارەبا و زیادبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە کارەبای نیشتمانی.

- لە دوورەوە خوێندنەوەی پێوەرەکان، بەبێ هەراسانکردنی هاووڵاتییان و لە دەرگاکانیان نادرێت.

-کەمکردنەوەی سەرپێچی

-دادپەروەری لە ئەژمارکردنی وزەی بەکارهاتوو مسۆگەر بووە.

-پسوولەی کارەبا، مانگانە کە پێشتر دوو مانگ جارێک بوو.

ئەوەشخراوەتەڕوو "وەزارەتی کارەبا لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا دەستی بە پەرپێدانی کەرتی کارەبا کردووە و، بە دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی، بەرەو چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی کارەبا هەنگاو دەنێت. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە هاوکاری و متمانەی هاووڵاتیان هەیە".