ئه‌ڵمانیا.. ئه‌ندامانی گرووپێكی پشتیوانی په‌كه‌كه له فڕۆكه‌خانه ده‌ستگیركران
K24- هه‌ولێر:
حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا رێگری له ئه‌ندامانی گرووپێك كرد، كه ده‌یانویست سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ژێر ناوی جیاجیا، پشتیوانی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) بكه‌ن.
به گوێره‌ی میدیای فه‌رمی ئه‌ڵمانیا، رۆژی شه‌ممه، له فڕۆكه‌خانه‌ی دۆسلدۆرفی ئه‌و وڵاته، ئه‌ندامانی گرووپه‌كه رێگریان لێكراوه گه‌شت بكه‌ن، كه پشتیوانی په‌كه‌كه‌ن و ئێستاش چه‌كدارانی په‌كه‌كه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه له دژی سوپای توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ن و هاووڵاتیانی مه‌ده‌نیان كردووه‌ته قه‌ڵغانی ئه‌و شه‌ڕه.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شاره‌كه رایگه‌یاندووه، ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه 18 كه‌سن و رێگه‌یان پێنه‌دراوه له دۆسلدۆرفه‌وه به‌ره‌و هه‌ولێر گه‌شت بكه‌ن، یه‌كێك له‌وانه هاوسه‌رۆكی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیایه له هامبۆرگ. به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس ده‌شڵێت: "كرده‌وه‌كانی ئه‌و گرووپه زیان به ناوبانگی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌یه‌نن له به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی".
میدیای فه‌رمی ئه‌ڵمانیا، ئاماژه‌ی به راگه‌یه‌ندراوێكی پێشتری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه، كه تێیدا ئاماژه‌ی به را‌گرتن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئه‌ڵمانی كردبوو، كه به نیازبوونه له ژێر ناوی جیاجیا، ئارامی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن و له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا جه‌خت له‌وه كرایه‌وه، كه ئاسایشی هه‌ولێر هێڵی سووره و رێگه‌یان پێ‌نادرێت هیچ چالاكییه‌ك بكه‌ن.
H.B