میلیشیاكانی لایه‌نگری ئێران چه‌كی قورس ده‌گوازنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی ژێر هه‌ژموونی هه‌سه‌ده
K24 – هه‌ولێر:
روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، گرووپ و رێكخراوه‌كانی لایه‌نگری ئێران، چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی ده‌گوازنه‌وه بۆ ئه‌و بنكه‌یه‌ی كه ده‌كه‌وێته سنووری ده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات.
به گوێره‌ی زانیاری روانگه‌كه، ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی زه‌وی – زه‌وی مه‌ودا ناوه‌ند و چه‌ك و پێداویستی دیكه‌ی سه‌ربازی له ناوچه‌كانی خۆرئاوای فورات گواستراونه‌ته‌وه بۆ بنكه‌یه‌كی نوێ كه به‌م دواییانه له به‌رزاییه‌كی گونده‌كانی حبووبه‌ی نێوان خه‌فسه و مه‌سكه‌نه درووستیان كردووه.
روانگه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه، له ماوه‌ی 20 رۆژی رابردوودا ئه‌وه سێیه‌م جاره تێبینی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك له لایه‌ن گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێران ده‌كرێت.
پێشتریش له مانگی ئایاری رابردوودا، روانگه‌كه بڵاویكردبوویه‌وه، كه میلیشیاكان بنكه‌یه‌كی سه‌ربازییان له نزیك كه‌ناری فورات له خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب درووست كردووه.
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان ئاماژه‌یان كردووه، ئه‌و بنكه سه‌ربازییه نوێیه‌ی میلیشیاكانی لایه‌نگری ئێران ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی هه‌ژموونی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات.
له دیارترین ئه‌و گرووپانه‌ی له‌و ناوچه‌یه بڵاوبوونه‌ته‌وه، لیوای فاتمییه‌كانه، كه له ئه‌فغانه شیعه‌كان پێكهێنراوه.