ئێران دوو كه‌شتی نوێی جه‌نگی خسته راژه‌ی سه‌ربازییه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ته‌له‌ڤزیۆنى فه‌رمى كۆماری ئیسلامى ئێران بڵاویكرده‌وه، دوو كه‌شتى جه‌نگى بۆ هێزى ده‌ریاوانى ئێران دابینكرا.
حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌رۆكى ئێران رایگه‌یاند، دوو كه‌شتى جه‌نگیمان بۆ هێزى ده‌ریاوانى دابینكرد، هه‌ردوو كه‌شتییه‌كه تواناى دۆزینه‌وه‌ى مینى ده‌ریاییان هه‌یه، وێرانكه‌ریشن.
له چوارچێوه‌ى به‌یاننامه‌یه‌كى ده‌سته‌ى ئه‌ركانى سوپاى ئێران‌دا هاتووه، ئه‌و دوو كه‌شتیه جه‌نگییه‌ى بۆ هێزى ده‌ریاوانى دابینكراون، بۆ مه‌به‌ستى نیشتنه‌وه‌ى كۆپته‌ره جه‌نگییه‌كانیش به‌كار دێن، كه درێژیی هه‌ر كه‌شتییه‌ك 33 مه‌تره، هه‌روه‌ها چه‌ندین جۆر سیستمى به‌رگرى بۆ دانراوه، وێڕاى ئه‌وه‌ش تواناى گه‌شتكردنى دوور مه‌وداشیان هه‌یه، ده‌شتوانن به‌رپه‌چى هه‌ر هێرشێكى ئاسمانى و وشكانی و ده‌ریاوانیش بداته‌وه، ده‌سته‌ى ئه‌ركانى سوپاى ئێران هه‌ردوو كه‌شتى ناونا "شاهین".
پێشتریش حه‌بیبوڵڵا سه‌یارى، جێگری فه‌رمانده‌ى سوپاى ئێران، رایگه‌یاندبوو، به‌مه‌به‌ستى به‌هێزكردنى ئاستى سه‌ربازى ئێران، كه‌شتى" مه‌كران"یان بۆ یه‌كه‌مجار چووه‌ته زه‌ریاى ئه‌تڵه‌سى.
له‌به‌رامبه‌ردا ماڵپه‌ڕى گڵۆباڵ سیكیوریتى ئۆرگ، ده‌رباره‌ى ئه‌و كه‌شتییه ئێرانییه‌ی چووه‌ته زه‌ریاى ئه‌تڵه‌سى رایگه‌یاند، ئه‌م كه‌شتیه بۆ گواستنه‌وه‌ى نه‌وت و سووته‌مه‌نیی بۆ بارهه‌ڵگرێكى به‌ریتانى به‌كار دێت.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس
ك.ب