عێراق توانای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە

وەزارەتی نەوتی عێراق: پابەندین بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس
نەوتی عێراق
نەوتی عێراق

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بە گوێرەی بەرزبوونەوەی خواست لە بازاڕەکانی جیهان لە توانایاندایە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبکەنەوە.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عێراق پابەندە بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

هاوکات جەخت لەوەدەکاتەوە، عێراق توانای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، بەڵام بەهۆی پابەندییەکانی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس ئێستا رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل بەرهەمدەهێنن.

روونیشی دەکاتەوە، رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بەردەوام خەملاندن بۆ بازاڕی نەوت دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە خستنەڕوو دیاری دەکەن، بۆ ئەوەی بازاڕ هاوسەنگ بێت.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، خەملاندنەکانی رێکخراوی وزەی نێودەوڵەتی و لایەنەکانی دیکە لەسەر بنەمای بەرەوپێشچوونەکان بووە، بە دابەشکردنی پێکووتە لەسەر ئاستێکی فراواندا، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر جووڵەی گواستنەوەی جیهانی هەبووە.