دوو بڕیار لە وەزارەتی تەندروستییەوە

پێداچوونەوە بە رێکارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

لەبارەی پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی کە لە رێگەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان دێنە هەرێمی کوردستان، دوو بڕیار دەدات.

لە راگەیەندروێکدا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییانەی کە دەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت كەمتربێت لە 48 كاتژمێر لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات".

لە خاڵێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو هاووڵاتییانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت، لەکاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات".

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی:...

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رەچاوکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، هەروەک پێشتر رامانگەیاندبوو بۆ پێداچوونەوە بە رێکارەکان و گونجاندنی لەگەڵ هەڵومەرج و بارودۆخی ئێستای کۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستان، دوابەدوای رەچاوکردنی ئاستی رەوشی تەندروستی و ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆ و گەشتکردن و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان لە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرگرتنی نموونە بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بڕیاردرا بە:

وەرگرتنی نموونە و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتییان كە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە لەڕێگەی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان ئەنجام دەدرێت جگە لە:

1- ئەو هاووڵاتییانەی کە دەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت كەمتربێت لە 48 كاتژمێر لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

2- ئەو هاووڵاتییانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت، لەکاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

د. ئاسۆ حەوێزی

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

15 ی حوزەیران 2021