دادگای دەستووری تورکیا لێکۆڵینەوە لە پرسی داخستنی هەدەپە دەکات

لێکۆڵینەوەکە لە 21ی ئەم مانگە دەستپێدەکات
هەدەپە
هەدەپە

K24 - هەولێر

دادگای دەستووری تورکیا یەکەم لێکۆڵینەوە لە پرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەکات.

دادگای دەستووری تورکیا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە سەر دۆسییەی داخستنی هەدەپە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و بڕیاریدا لە 21ی ئەم مانگەوە دەست بە یەکەم لێکۆڵینەوە بکات.

لە ماوەی رابردوودا دادگای دەستووری بەهۆی بوونی کەموکوڕی راپۆرتی دادگای باڵای لەبارەی دۆسییەکە رەتکردبووەوە و دواتر دووبارە دۆسییەی داخستنی هەدەپە رەوانەی دادگا کرایەوە.

سەبارەت بەو پرسە بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگای باڵای تورکیا رایگەیاندووە: "سەرجەم بڕیار، دۆسیە و لێدوانەکانی بەرپرسانی هەدەپە-مان وەک بەڵگە خستووەتە ناو دۆسیەکەوە کە 843 لاپەڕەیە. تیایدا داوا کراوە قەدەغەی کاری سیاسیی بخرێتە سەر 451 کەس و رێوشوێنی پێویستیش لە بەرامبەر هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە بگیردرێتەبەر".

پێشتر داواکاری گشتی تورکیا لە دادگای دەستووری وڵاتەکە سکاڵای تۆمار کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی هەدەپەی کردووە، بەرپرسانی هەدەپەش ئەو هەوڵە بە پیلانی ئەکەپە ناودەبەن و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان.