بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە دەرمانی هۆشبەر سکاڵا دژی تەندروستی سلێمانی تۆمار دەکرێت

ساڵانە رێگە پێدان بۆ هەندێک کەس کراوە و خەڵکی بەرپرسیان لە پشتە
د. دڵشاد محەمەد پزیشکی دەرمانساز
د. دڵشاد محەمەد پزیشکی دەرمانساز

K24 - سلێمانی

پزیشکێکی دەرمانساز، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە دەرمانی هۆشبەر سکاڵای لەسەر تەندروستی سلێمانی تۆمار کرد و داوا دەکات رێگری لە مامەڵەکردن بە دەرمانە هۆشبەرەکان بکرێت.

د. دڵشاد محەمەد پزیشکی دەرمانساز، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ سکاڵای لەسەر تەندروستی سلێمانی تۆمارکردووە، رێگەپێدان بۆ هەندێک کەس دەکرێت بۆ هێنانی دەرمانی هۆشبەر.

روونیکردەوە: "پێویستە ئەو دەرمانانە راستەوخۆ لە رێگەی حکومەتەوە هاوردە بکرێت نەک بدرێت بە هەندێک کەس و بازرگانی پێوەبکرێت و زیان بە خەڵک بگەیەنن".

راشیگەیاند: "لە سکاڵاکەم دا باس لەوەکراوە، نووسراوی رێگەپێدان بە هەندێک دەرمانی هۆشبەر، لە رێگەی چەند نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پشتگیری دەکرێت و دواتر لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە رێگە پێدانیان بۆ دەکرێ، ئەوانە خەڵکی بەرپرسیان لە پشتەوەیە، چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراون و ساڵانە رێگەپێدانیان بۆ دەکرێت و بە یاسایی کراوە، لە کاتێکدا ئەو بڕە زۆرەی هاوردە کردنی دەرمانە هۆشبەرەکان پێویست نییە".