سەرۆك بارزانی و جێگری فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان هەڕەشەی تیرۆرستان لە ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان دەكات
دیداری سەرۆک بارزانی و بێڵ ریچارد جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا
دیداری سەرۆک بارزانی و بێڵ ریچارد جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی حوزەیرانی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بێڵ ریچارد جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد، بە هۆی شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانەی لە لایەن پەكەكەوە لە چیای مەتین شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بارودۆخی مەیدانیی هەوڵی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریای بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا دروستكردنی ناوەندی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی بۆ پاراستنی ناوچەكان لە هەڕەشەی تیرۆریستان و هەروەها هەنگاونان بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبەشی هەردوولا بۆ هەمان مەبەست بە گرنگ و بەرهەمدار وەسفكرا.

هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئەوەی خستەڕوو كە یەكخستنەوەی پێشمەرگە بە لای وڵاتانی هاوپەیمانەوە گرنگی و بایەخێكی تایبەتی هەیە.

دیداری سەرۆک بارزانی و بێڵ ریچارد جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا
دیداری سەرۆک بارزانی و بێڵ ریچارد جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا