لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوە دەدات

"ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت یەخەی کارمەندانی هاتووچۆی گرتووە"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

دوو رۆژە گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کە دەمەقاڵە لەنێوان کارمەندێکی هاتووچۆ و کەسێک روودەدات، هاتووچۆی هەولێر ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوە کە لەبارەی ڤیدیۆکە بڵاوکراونەتەوە.

لە روونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: "لە دوێنێوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوبووەتەوە، کە تیایدا کەسێک لەگەڵ پۆلیسێکی هاتووچۆ شەڕدەکەن و لەسەری نووسراوە (بەس بەفەقیری دەوێرن) والێکدراوەتەوە کە گوایا ئەو کەسە کوڕە هەژارێکە و ماتۆڕسکیلی لێگیراوە سەرەڕای ئەوەش پۆلیسەکەی هاتووچۆ لێیدەدات، بەڵام راستیەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە بەر لەهەموو شتێک ئەو کەسە نە ماتۆڕسکیلی لێگیراوە نە لێپیچینەوەی لەگەڵ کراوە، بەڵکو ئەوە کەسێکی ئاسایی بووە. بەپێی زانیاریەکان سەرخۆش بووە لەخۆیەوە هاتووەتە لای مەفرەزەکە و یەخەی گرتوون و جنێوی ناشرینی پێداون و پێی گوتون ئێوە لەگەڵ سەگە بەڕەلایەکانی سەرشەقام جیاوازیتان نییە، بەوەش نەوەستاوە دەستی بۆ یاخەی پۆلیسەکە بردووە، پۆلیسەکەش بۆ بەرگری لەخۆکردن بەپاڵ دووری خستوەتەوە کە ئەوە کاردانەوەیەکی ئاسایی هەر مرۆڤێکە کەسوکایەتی پێبکرێت، ئێمە ئەو روداوە زیاتر بەدروستکراو دەبینین ،چونکە شێوازی وێنەگرتنەکە وانیشان دەدات کە وێنەگرەکە خۆی ئەوکەسەی ناردبێت بۆدروستکردنی کێشەکە".

ئاماژە بەوەشکراوە: "دوای رووداوەکە وەکو رێکارێکی یاسایی کارمەندەکەی پۆلیس سکاڵای تۆمارکردوە، لەسەر سوکایەتی کردن پێی، لەکاتی ئەرک بێ هیچ هۆکارێکی دیار".

 هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند: "ئێمە دووبارەی دەکەینەوە کە کارمەندانی ئێمە بۆخزمەتکردنی خەڵک لەسەر شەقامەکانن، بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژی ناکەنە سەرهاووڵاتییان، ئەوەی بووە تەنها دوورخستنەوەی شەڕێکی لابەلا بووە".