له‌ ماوه‌ی ساڵ و نیوێكدا كابینه‌ی نۆیه‌م زیاتر له‌ 55 ملیار دیناری بۆ رێگه‌ی كه‌لار – سلێمانی ته‌رخانكردووه‌

ئەنجوومەنی وەزیران بڕی (55) ملیار و (419) ملیۆن و (842) هەزار دیناری بۆ بەڵێندەر خەرجکردووە و رێژەی ئەنجامدراویش لەئێستادا گەیشتووەتە زیاتر لە (55٪)
باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران
باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی 14ی ئه‌م مانگه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری دا، بڕی 10 ملیار دیناری دیكه‌ بۆ رێگه‌ی كه‌لار – سلێمانی ته‌رخان بكات. به‌و پێیه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵ و نیوێكی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌مدا بڕی زیاتر له‌ 55 ملیار دینار بۆ ئه‌و رێگه‌یه‌ ته‌رخانكراوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن رایگه‌یاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەی رێگای دووسایدی کەلار- دەربەندیخان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕی (10) ملیار دیناری بۆ بەردەوامی کارکردن لە پڕۆژەکە تەرخانکرد.

بەپێی نوسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە رۆژی 14/6/2021 دەرچووە، بە ئاماژەدان بە داواکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بەسوپاسەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی (10) ملیار دینار بۆ بەردەوامی کارکردن لە پڕۆژەی دوو سایدی رێگای نێوان (کەلار- دەربەندیخان).

وه‌زاره‌ته‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌، پڕۆژەی رێگای (کەلار- دەربەندیخان) كه‌ كه‌لار به‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت، لەکابینەی پێشودا تەنیا یەک پێشینەی بۆ تەرخانکرا کە بڕەکەی شەش ملیار و (934)ملیۆن و (260)هەزار دینار بوو.

ئاشكراشیكردووه‌، بەڵام لەماوەی ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، بەهۆی گرنگیپێدانی پڕۆژەکە و بۆ ئەوەی زوو بچێتە خزمەتی هاووڵاتیان، لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، ئەنجوومەنی وەزیران بڕی (55) ملیار و (419) ملیۆن و (842) هەزار دیناری بۆ بەڵێندەر خەرجکردووە و رێژەی ئەنجامدراویش لەئێستادا گەیشتووەتە زیاتر لە (55٪).