هه‌ینی ئێرانییه‌كان ده‌نگده‌ده‌ن و ره‌ئیسی چانسی بردنه‌وه‌ی له هه‌مووان زیاتره
K24 – هه‌ولێر:
هه‌ینى كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كۆمه‌ڵێك كاندید له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى پاراستنی ده‌ستوور و عه‌لى خامه‌نه‌ئى رابه‌ری گشتى شۆڕشى ئیسلامى ئێران، دوور خرانه‌وه.
كاندیدى به‌هێز له‌و هه‌ڵبژاردنه، ئیبراهیم ره‌ئیسیه، كه له‌لایه‌ن عه‌لى خامه‌نه‌یی پشتیوانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنى له كاندیده‌كانى دیكه زیاتره.
له ساڵى 1997، كاتێك هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له ئێران به‌ڕێوه‌چوو، موحه‌مه‌د خاته‌مى كاندیدى پارێزگاره‌كان سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى به‌ده‌ستهێنا. گۆڤارى"فۆڕین ئاڤێرز" وتارێكى به ناونیشانى "هه‌ڵبژاردنه ساخته‌كانى ئێران" بڵاوكردووه‌ته‌وه، تێیدا هاتووه، رۆژى هه‌ینى ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌ركه‌وتنێكى به‌رچاو به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ئه‌و دادوه‌ره ئێرانیه، ده‌بێته هه‌شته‌مین سه‌رۆك كۆمارى ئێران، له‌وه‌ته‌ى شۆڕشى 1979 به‌رپابووه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى گۆڤارى ناوبراو، ره‌ئیسى سه‌ركه‌وتنێكى به‌رچاو تۆمار ده‌كات، چونكه ئه‌نجوومه‌نى پاراستنی ده‌ستوور له ئێران كاندیده به‌هێزه‌كانى دوور خسته‌وه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ چۆڵبوونى مه‌یدانه‌كه بۆ ره‌ئیسى.
گۆڤاره‌كه راشیگه‌یاند، ئه‌نجوومه‌نى داڕشتنه‌وه‌ى ده‌ستوور چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى زۆر به‌هێزى له‌و هه‌ڵبژاردنه دوور خسته‌وه، له‌وانه، عه‌لى لاریجانى، كه ماوه‌یه‌كى زۆر سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته بوو، هه‌روه‌ها ئیسحاق جیهانگیری و مه‌حموود ئه‌حمه‌دى نه‌ژادیش، دوو كاندیدى هه‌ره به‌هێز بوون، ئه‌مه ناكۆكی سیاسی له ئێران پیشان ده‌دات.
شه‌قیق لاریجانى براى عه‌لى لاریجانى، ره‌خنه‌ى توندى ئاڕاسته‌ى به‌رپرسانى ئاسایشى ئێران كرد، به‌وه‌ى ده‌ستێوه‌ردان له ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.
حه‌سه‌ن خومه‌ینیش، نه‌وه‌ى دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێران، ره‌خنه‌ى توندى ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى پاراستنی ده‌ستوور كرد و گوتی: دوورخستنه‌وه‌ى كاندیده‌كان دژى پڕه‌نسیپه‌كانى شۆڕشى ئیسلامى ئێرانه.
رۆژنامه‌ى "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویكرده‌وه، دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ندێك له كاندیده به‌هێزه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى ئێران، رێگه بۆ ئیبراهیم ره‌ئیسى خۆش ده‌كات تاوه‌كو ببێته سه‌رۆك كۆمارى داهاتوو، بۆیه ئه‌وانه‌ى پاڵپشتى ره‌ئیسیان كردووه ده‌بێت داوا له‌هه‌موو ده‌نگده‌ران بكه‌ن بچنه سه‌ر سندووقه‌كانى ده‌نگدان.
48 كاتژمێر پێش ده‌ستپێكردنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى ئێران، موحسین مه‌هر عه‌لى زاده‌ى 64 ساڵ، كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار، له كێبڕكێى هه‌ڵبژاردن كشایه‌وه، تا ئێستاش هۆكارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه، ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه كشانه‌وه‌ى ناوبراو كاریگه‌رى نابێت بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن.
ك.ب