حهشدی شهعبی خانووی عهرهبه سووننهكان دهتهقێنێتهوه
K24 - كهركووك:
ھۆزە عەرەبەکان داوا دەکەن، لە نێو ریزەکانی پێشمەرگەدا جێگیربکرێن و یەکێك لەسەرۆك ھۆزەکانی سنووری خورماتوو باس لەوە دەکات، کە تا ئێستا نزیکەی دوو ھەزار ھاووڵاتی سنووری ناحیەی سلێمان بەگ لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە رفێنراوە و بەدەیان ھاووڵاتی سووننەش بەدەست چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کوژراون.
بە گوتەی یەکێك لەسەرۆك ھۆزەکانی سووننە، کە خەڵکی سلێمان بەگە، تا ئێستا حەشدی شەعبی رێگە بەگەڕانەوەی دانیشتووانی ئەو ناحیەیە نادات و زیاتر لە ھەزار خانووی عەرەبیش، لەلایەن حەشدی شەعبیەوە تاڵانكراوهو رووخێنراوه.
عەرەبە سووننەکانی دانیشتووی ناحیەی سلێمان بەگی سەر بەشارۆچکەی خورماتوو، بەجۆرێك نائومێدبوونە لەحکوومەتی عێراق، پەنا دەبهنە بەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و داوا دەکەن پڕ چەکیان بکەن و لەڕیزی پێشمەرگەدابن، بەڵام ئەوان نیازێکی دیکەیان ھەیە، ئەویش شەڕی حەشدی شەعبیە.
شێخ سائیر بەیاتی، سەرۆکی ھۆزە عەرەبە سووننەکانی خورماتوو، لە وێنەیەکدا خانووە رووخاوەکەی نیشان دەدات کە وەك خۆی گوتی: "لەلایەن حەشدی شەعبیەوە ڕووخێنراوە"، بەڵام ئەو باس لەوە دەکات کە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بەتەنھا خانووی ئەویان نەڕووخاندووە، بەڵکو لە ئێستادا دەستیان بەھەڵمەتێکی نوێ کردووە بۆ ڕووخاندنی خانووی عەرەبە سووننەکان و تا ئێستا ھەزار خانوویان تاڵانکردووە و رووخاندووە.
حەشدی شەعبی تۆمەتی عەرەبە سوننەکان ڕەت دەکەنەوەو ھەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیش دەکەن کە ئەو جۆرە لێدوانانە دەدەن.
عەرەبە سوننەکانی ناحیەی سلێمان بەگ، ئاوارەی پارێزگای کەرکووك و شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوونە و زیاتر لەساڵێك تپێپەڕدەبێت بەسەر ڕزگارکردنی ناوچەکانیان، بەڵام تا ئێستا حەشدی شەعبی رێگە نادات بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێ بوونیان.