ئەمەریکا پاتریۆت لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێنێتەوە

"کاریگەری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی نابێت"
سیستمی پاتریۆت
سیستمی پاتریۆت

K24 - هەولێر

ئەمەریکا رایگەیاند، بڕیاری کشاندنەوەی 8 سیستمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت، لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە، کاریگەری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی نابێت.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاشکرای کرد، بڕیاری کشاندنەوەی 8 سیستمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت، لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە راوێژبووە لەگەڵ دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە و لە هاوینی ئەمساڵدا جێبەجێ دەکرێت.

جێسیکا ماکنۆلتی، گوتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن لە هێزی دەریایی ئەمەریکا گوتی "بڕیارەکە کاریگەری لەسەر هەماهەنگی واشنتن و وڵاتانی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی نابێت".

دوێنێ، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، پنتاگۆن بڕیاریداوە 8 سیستمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت، لە عێراق، سعودیە و ئوردن، کوێت بکشێنێتەوە.