150 دار لە شەقامی توی مەلیکی سلێمانی دەبڕدرێنەوە

قایمقامی سلێمانی باڵەخانەکان ناچار بە رواندنی درەخت دەکەن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ژمارەیەک لە خاوەن باڵەخانەکان بۆ دەرکەوتنی شوێنەکانیان دارەکانی شەقامی توی مەلیک دەبڕنەوە، بۆ رێگری لە وشککردنی درەخت و باخەکانی سەر شەقامەکە قایمقامیەتی سلێمانی رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر و تەواوی باڵەخانە و تەلارە بازرگانییەکان ناچار دەکات، بەپێی روبەری بەردەم باڵەخانەکان درەخت بڕوێنن.

شەقامی توی مەلیک شەقامێکی ناسراو و مێژوویی سلێمانییە، بەڵام ماوەیەکە کەسانێک لەپێناو زیاتر فراوان کردنی باڵەخانە و دەرکەوتنی شوێنە بازرگانیەکانیان درەختەکانیان بڕیوەتەوە یاخود زیانیان بە سەوزایی و باخەکان گەیاندووە، ھەر بۆیە چەند رۆژێکە لیژنەی شوێنەوار لە لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقایمەتی سلێمانی، ھەڵمەتێکیان بۆ بە سزا گەیاندنی ئەو شوێنانە دەستپێکردووە کە زیانیان بە درەختەکانی ئەم شەقانە گەیاندووە، سەرۆکی لیژنەکە دەڵێ، بەھۆی زیان گەیاندن بە درەخت و سەوزاییەکانی شەقامی توی مەلیک پسوڵەی سەرپێچی و ئاگادار کردنەوەیان بۆ زیاتر لە 40 شوێن و باڵەخانە کردووەو ھەندێکیشیان دەدرێنە دادگا.

بڕینەوەی تەنھا یەک درەختیش مەترسی بۆ تەندروستی ھاووڵاتییان و زیان گەیاندن بە ژینگە دروست دەکات، ھەر بۆیە رێکخراوەکانی ژینگە دۆستی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر بەر بەم کارە نەگیرێت ئەوا ئەوان ھەڵوێستی جدیان دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 لەسەر شەقامی توی مەلیک زیاتر لە 150 دار بڕدراونەتەوە، کە ھەندێکیان تەمەنێکی دوور و درێژیان ھەیە و ھەندێک داریش ھەر ئاسەواریان نەماوە، بە جۆرێک کۆنکرێتی بەسەردا کراوەو شاردراوەتەوە، بۆیە کراوە بە مەرج بەسەر ئەو کەسانەی کە ئەم کارەیان کردووە پێویستە کۆنکرێتەکانیان ھەڵبوەشێننەوەو درەختی نوێ لە جێگای بڕوێنن.