درووشمەکانی سوپای پاسداران لە دژی ئەمەریکا لە هەڵەبجە نوێ دەکرێنەوە

درووشمەکان لە چەند گەڕەک و کۆڵانێکی هەڵەبجە نووسراون
kurdistan24.net

K24 - هەڵەبجە

لە بەشێکی گەڕەك و كۆڵانەكانی شاری هەڵەبجە، درووشم و نووسینی سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران ماوە، کە ئەوکاتە هەندێک لە نووسینەکان لەلایەن سوپای پاسداران و هەندێکیشیان لەلایەن گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و بەشکیش لەلایەن بەرەیەکی کوردستانەوە نووسراون. چەند درووشمێکی سوپای پاسداران دژی ئەمەریکان و ئێستا نوێ دەکرێنەوە.

بەشێک لە درووشمەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە هەڵەبجە نووسراون،  چەند ساڵێکە لەلایەن کۆمەڵێک گەنج دەستکراوە بە تۆخکردنەوەیان، پڕۆژەکەیان ناو ناوە (دێکۆمێنتکردنی زمانی دیوارەکان مێژووی شارێک) بەشێک لەو نووسینانەیان نوێ کردووەتەوە.

عومەر ساڵح، یەکێکە لەو چالاکوانانەی بەشداری پڕۆژەکەی کردووە، بە کوردستان24ی گوت: "بەشێک لە نووسینەکان هی ئێرانن، کاتێک هاتووەتە هەڵەبجە درووشمەکانیان و وتەکانی ئیمام خومەینیان نووسیووە، هەندێکیشیان هی بەرەی کوردستانین، کە نەوەی ئێستا نازانن بەرەی کوردستان چییە و لە چەند حزب پێکهاتووە، جگە لەوە ناوی هێزێکی عێراقیمان دۆزییەوە کە بەرەی بەدری پێ گوتراوە".

گوتیشی: "ئێمە چاومان تەنها لەسەر نووسینی لایەک نەبووە، بەڵکو ویستومان ئەوەی نووسراوە وەکخۆی نوێ بکەینەوە، بۆ ئەوەی وەک مێژوو بمێنێتەوە".

نوێکردنەوەی ئەو درووشمانە لەلایەن هەندێک لە دانیشتووانی هەڵەبجە پێشوازی لێ کراوە، لەلایەن هەندێکی دیکەشەوە رەتدەکرێتەوە، چونکە پێیان وایە سیمای شاری ناشرین کردووە، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش دەڵێ، ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوکات باشبووە، بەڵام ئێمە سەرجەم ریکلام و نووسینی دیکەی سەر دیوارەکان ئەوانیش دەسڕینەوە.

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەڵمەتێک دەست پێدەکەین و هەموو نووسین و ریکلامەکان لەسەر دیوار دەسڕینەوە".