سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکومەت سوپاسی حکومەتی ئیتالیای کرد بۆ پشتیوانیی و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە، 19ی حوزەیرانی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەرال فرانچیسکۆ پرینچیپێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکه‌ی لە عێراق، سەردانی سەرۆکی حکومەتی کردبوو.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی حکومەتی ئیتالیای کرد بۆ پشتیوانیی و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ جەنەرال فرانچێسکۆ خواست لە ئەرکی داھاتوویدا.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان کوردستان و ئیتالیا کرد و ستایشی هەرێمی کوردستانیشی کرد، کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا.

H.B