هه‌ولێر بۆ ئه‌نجامدانی یارییه قورسه‌كه‌ی گه‌شتی به‌غدای كردووه
دوای وه‌ستانی خوله‌كه بۆ ماوه‌ی مانێگ له گه‌ڕی 32 خولی یانه نایابه‌كانی عێراقی، یانه‌ی هه‌ولێر بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی ته‌ڵه‌به گه‌شتی به‌غدای كردووه، ئه‌م یارییه‌ش له كاتێكدایه یانه‌ی ته‌ڵه‌به هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی بۆ خولی پله‌یه‌ك له‌سه‌ره.
ئێواره‌ی یه‌كشه‌مه، 20 جوونی 2021 یانه‌ی هه‌ولێر له شاری به‌غدا له نێو یاریگه‌ی شه‌عب ده‌بێته میوانی یانه‌ی ته‌ڵه‌به، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر(9:30)ـی شه‌و به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌ولێر چاوی له بردنه‌وه‌یه تا هه‌نگاوێكی دیكه مانه‌وه له خوله‌كه مسۆگه‌ر بكات و ته‌ڵه‌به‌ش به ئامانجی مانه‌وه له خوله‌كه شه‌ڕی مان و نه‌مان له دژی یانه كوردییه‌كه‌ی قه‌ڵاومناره ده‌كات.
له دوای دوورخرانه‌وه‌ی رادان گاسانینی راهێنه‌ری كرواتی، زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا، دووه‌م گه‌ڕه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ته‌ها قادری راهێنه‌ر یاریی ده‌كه‌ن، كه له یاریی یه‌كه‌م له یاریگه‌ی خۆی به (2-1) گۆڵ له یانه‌ی نه‌فتی برده‌وه، ماوه‌ی مانگێكه یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی به‌هۆی پاڵاوتنه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق وه‌ستاوه، له‌و ماوه‌شدا هه‌ولێر ئاماده‌كارییه‌كی باشی كردووه، تا بۆ ئه‌و حه‌وت گه‌ڕه‌ی ماوه ئه‌نجامی باش به‌ده‌ستبهێنێت.
ته‌ها قادری راهێنه‌ر پشت به‌خاڵه به‌هێزه‌كانی تیپه‌كه‌ی ده‌به‌ستێ له‌وانه سانتۆسی به‌رازیلی له ناوه‌ڕاست و شوان مامۆ و بارزان شێرزاد و شافیۆی هێرشبه‌ری پیشه‌گه‌ری و شێركۆ كه‌ریمی هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، له دڵی به‌رگریش چاوی له پچڕانه‌كانی هه‌ردی سیامه‌ند و نیاز محه‌مه‌ده، له قۆناغی چوونی یارییه‌كان هه‌ولێر له یاریگه‌ی خۆی به (5-0) له ته‌ڵه‌به‌ی برده‌وه.
پاسه‌وانانی قه‌ڵای زه‌رد له كۆی 31 یاریی رابردوو، 8 بردنه‌وه و 11 یه‌كسان و 12 دۆڕانیان هه‌یه، 34 گۆڵیان كردووه و 35 گۆڵیان لێكراوه، خاوه‌نی 35 خاڵن و له خانه‌ی سێزده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه دێن، گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌ش شێركۆ كه‌ریمه به 9 گۆڵ.
ته‌ڵه‌به، ئه‌م وه‌رزه كیشه‌ی زۆری هه‌بووه، له ڕووی كارگێرییه‌وه گۆڕانكاری له پۆسته كارگێڕییه‌كان كران و سه‌رۆكی یانه‌كه ناچار به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه كرا، به‌هۆی ئه‌نجامه خراپه‌كانیشی هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی له‌سه‌ره، بۆیه جه‌نگی مانه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له قۆناغی یه‌كه‌م خۆیان ئاماده‌كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی مانه‌وه له خوله‌كه مسۆگه‌ر بكه‌ن، وه‌كاع ره‌مه‌زان به 6 گۆڵ گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌یه.
ته‌ڵه‌به، له كۆی 31 یاریی رابردووی 6 بردنه‌وه و 11 یه‌كسان و 14 دۆڕانیان هه‌یه، 28 گۆڵیان كردووه، 40 گۆڵیان لێكراوه، به 29 خاڵ له خانه‌ی 17 ـیه‌م دێن.
له كۆی 10 یاریی رابردووی نێوان هه‌ولێر و ته‌ڵه‌به، زه‌ردپۆشه‌كانی پایته‌خت 5 بردنه‌وه‌یان هه‌یه و ته‌ڵه‌به‌كانی به‌غداش یه‌ك بردنه‌وه‌یان هه‌یه، له 4 یارییش یه‌كسان بوونه.
یانه‌ی قوه‌ی جه‌ویه، به كۆكردنه‌وه‌ی 66 خاڵ له 30 یاریی دا، پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ی گرتووه، ئه‌یمه‌ن حوسێنی هێرشبه‌ری جه‌وییه به 17 گۆڵ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌یه، یانه‌كانی حدود و سه‌ماوه‌ش له خانه‌كانی نۆزدیه‌م و بیسته‌م دێن.
یانه‌ی جه‌ویه به 20 بردنه‌وه خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌وه‌یه له خوله‌كه تا ئێسته، یانه‌ی سه‌ماوه‌ش به 16 دۆڕان خاوه‌نی زۆرترین دۆڕانه، یانه‌ی حدودیش به 17 یه‌كسان خاوه‌ن زۆرترین یه‌كسان بوونه، سه‌ماوه 44 گۆڵی لیكراوه، كه زۆرترینه، قوه‌ی جه‌ویه‌ش به 39 گۆڵ زۆرترین گۆڵی هه‌یه.
https://fb.watch/6dRuKiR17d/