قاسم ئه‌عره‌جی: پەکەکە بووەتە هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

تورکیا سەروەری خاکی عێراقی پێشێل کردووە و زێدەڕۆیی دەکات، ئەمەش کارێکی رەتکراوە و قبووڵنه‌کراوە

K24- هه‌ولێر:

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بوونی چەکدارانی پەکەکە ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بە نایاسایی و ناشەرعی ده‌زانێت و دەڵێت: چەکدارانی پەکەکە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند، تورکیا سەروەری خاکی عێراقی پێشێل کردووە و زێدەڕۆیی دەکات، بەغداش هەوڵ دەدات کێشەکانی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئه‌نقه‌ره‌ چارەسەر بکات.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ كوردستان24، ئه‌عره‌جی دووپاتی كرده‌وه‌، "بە دڵنیاییەوە زێدەڕۆیی و پێشێلکاری لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر خاکی عێراق هەیە، ئەمەش کارێکی رەتکراوە و قبوڵکراوە نییە".

هه‌روه‌ها گوتی: "حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات کێشەکان لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ و لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە چارەسەر بکات، ئێمە بوونی چەکدارانی پەکەکە لەنێو خاکی عێراق بە نایاسایی و ناشەڕعی ده‌زانین".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "پەکەکە بووەتە هۆکارێك بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانمان، دەستووری عێراق رێگە بە بوونی هیچ هێزێکی چەکدار نادات و رێگە نادات خاکی عێراق بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت".

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق گوتی: "داوا دەکەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تورکیای دراوسێ هەبێت".

H.B