نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

"بۆ یەکەم جارە لە ئەمساڵدا نرخی نەوت دەگاتە ئەم ئاستە"

K24 - ھەولێر

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازاڕەکانی جیهان ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و نرخی بەرمیلێك گەیشتە سەرووی 50 دۆلاری ئەمریکی و بۆ یەکەم جارە لە ساڵی 2016 نرخی نەوت دەگاتە ئەم ئاستە.

بەپێی بۆرسەی بازاڕەکانی نەوت لە جیهان نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت گەیشتە 50.12 دۆلار و نرخی بەرمێلێك نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکاش گەیشتە  49.88 دۆلار.

پسپۆرانی بواری کەرتی نەوت هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەم شێوەیە بۆ زۆر دابەزینی ئاستی نەوتی خاوی ئەمبارکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە نەوتی خاو لە جیهان نزیکەی 60% بەهای خۆی لە دەستداوە بەهۆی فرەبوونی نەوتی زیاد لە پێویست لە بازاڕەکانی جیهان.