ئەمەریکا: خەڵکی ئێران لە مافی هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان بێبەش بوون

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕی
هەڵبژاردنەکانی ئێران
هەڵبژاردنەکانی ئێران

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، خەڵکی ئێران لە مافی هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان بێبەش بوون.

لە یەکەم کاردانەوەی ئەمەریکا دەربارەی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی بە سەرۆک کۆماری ئێران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕی لەوەی خەڵکی ئێران نەیانتوانی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بەشداری بکەن.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی "خەڵکی ئێران لە مافی هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان لە هەڵبژارنێکی ئازاد و پاک بێبەش بوون".

هەروەها ئاماژەیدا، دانووستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆم، پێشکەوتنی ماناداری هەبووە، ئەمەریکاش هاوشانی هاپەیمانەکانی لە ئاڵوگۆڕی بۆچوون، بۆ گەڕانەوەی دوو لایەنە بۆ ناو رێککەوتننامەی ئەتۆم بەردەوام دەبێت.

هەر پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی ئێران، لیۆر هایات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تویتێکدا نووسیویەتی "رەئیسی پابەندە بە بەرنامەی ناوەکی سەربازی وڵاتەکەی، کە بە خێرایی پەرەی پێدەدەن، هەڵبژاردنیشی بە روونی ئەو مەبەستە ئاشکرا دەکات، هەربۆیە دەبێت نیگەرانیی زۆر لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێبکەوێتەوە".

هەر لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە "لەوەتەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 1979ەوە، ئەمە توندڕەوترین سەرۆکی ئێرانە هەڵدەبژێردرێت".