لیژنەی ئابووری: سەدا 70ـی عێراقییەکان باجی دابەزاندنی بەهای دینار دەدەن

"عێراق وڵاتێکی هەژار نییە و بەڵکو سامان و توانایەکی زەبەلاحی هەیە، ئەگەر بەشێوەیەکی دروست وەبەرهێنانی تێدا بکرێت"
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هه‌ولێر:

نەدا شاکر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، 70%ی عێراقییەکان باجی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و لێکەوتە نەرێنییەکانی دەدەن، لە کاتێکدا ئامانج لە بڕیارەکە رووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، بەڵام بە ئەنجامەکانی دیارە كێ سوودمەندە و کێ زیانی بەرکەوت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، عێراق وڵاتێکی هەژار نییە و بەڵکو سامان و توانایەکی زەبەلاحی هەیە، ئەگەر بەشێوەیەکی دروست وەبەرهێنانی تێدا بکرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سەرەڕای ئەوەی عێراف شکستی هێناوە لە پلان و بەڕێوەبردن، بەتایبەت لە بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، کە ئەوەش سووکایەتیکردنە بە دراوی نیشتمانی، دەبێت رێگە نەدرێت بەهای 100 دۆلار بگاتە 150 هەزار دینار.

نەدا شاکر روونیكرده‌وه‌، سەدا 70ـی دانیشتووانی عێراق باجی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار و لێکەوتە نەرێنییەکانی دەدەن، لە کاتێکدا ئامانج لە بڕیارەکە رووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، بەڵام بە ئەنجامەکانی دیارە كێ سوودمەندە و کێ زیانی بەرکەوت.

ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەوە کردەوە، سیاسەتی دابەزاندنی بەهای دینار شکستی هێناوە و ئەنجامەکانی بەسەر چینێکی فراوانی کۆمەڵگا بە دیارکەوتوون، بەهۆیەوە ملیۆنان عێراق بە دەست گرانی نرخەکانەوە دەناڵێنن.

 

د.ی