پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا باسی ژیان و یاساکانی پەنابەری دەکەن

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەنابەرانە
kurdistan24.net

K24 – ستۆکهۆڵم

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەنابەرانە، سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام پەرلەمانەکانی پەنابەرن و لەناویشیان دا 7 پەرلەمانتاری کورد ھەن، ھەروەھا لە شوێنە گرینگەکانی دیکەی دەسەڵاتیشدا  بە سەدان پەنابەر ھەن. سوید بە یەکێک لەو وڵاتانە ناسراوە کە ھەموو پێداویستیەکی بۆ پەنابەر رەخساندووە. ئێستا یاسایەکی بە پێچەوانەی کردەوەکانی سەدان ساڵەی رابردووی دەرکردووە.

یاساکان ھەتا دێت لە سوید بۆ پەنابەران توندتر دەکرێن و ژیانی و چارەنووسی پەنابەران نادیارە، بۆ ئەوانەش کە تازە روو دەکەنە سوید ھەتا دێت نادیارتر دەبێت.

 بەھار وەزیری، یەکێکە لە پەنابەرە کوردەکان لە وڵاتی سوید دەژیت بە کوردستان24ی گوت: "بەپێی یاسای نوێی سوید، لەمەودوا مافی پەنابەری هەمیشەیی نادەن، بەڵکو بۆ ماوەی سێ ساڵ مافی پەنابەری بە پەنابەران دەدرێت، دوای ئەو سێ ساڵە دەبێ هۆکاری مانەوەیان لە سوید دیاری بکەن، کە بۆ خوێندن یان کارکردن لەوێن، ئەوکاتە وڵاتی سوید مافی پەنابەریان بۆ نوێدەکاتەوە".

گوتیشی: "بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ژن و منداڵەکانیان لە کوردستانەوە بێننە سوید زۆر سەختە، دەبێ شوێنی نشتەجێبوون و مووچەیان هەبێت، جاران بەمشێوەیە نەبوو".

لە 20ی تەمموزی ئەمساڵەوە یاسا نوێیەکەی سوید بۆ پەنابەران، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەگوێرەی یاساکە چیدیکە هیچ کەسێک مافی مانەوەی بەردەوام وەرناگرێت لەو وڵاتە.

فرێدریک ماڵم، پەرلەمانتاری سوید لەسەر لیستی پارتی لیبراڵ بە کوردستان24ی راگەیاند: "ھەموو پارتەکانی سوید دەڵێن، دەرگامان بۆ پەنابەران کراوەتەوە و یارمەتیشیان دەدەین. بەڵام ناتوانین وەکو ساڵانی رابردوو دڵکراوە، بەمشیوەیە چیتر ناچێتە پێشەوە دەبێ ھەندێک خۆمان کۆبکەینەوە، بێگۆمان پەنابەر وەردەگرین و ھاوکاری پەنابەرانیش دەکەین لە جیھاندا، بەڵام ئێستا سوید لە بواری سیاسیەوە لە بارودۆخێکی دژواردایە و دیار نییە کام زۆرینە بریاردەرە. ھەر ئێستا لە کاتی ئەم لێدوانەدا حکومەتی سوید لە کێشەیەکی گەورەیە دایە، بۆیە ئەم یاسایەش  بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان کە دەکەوێتە  ساڵی داھاتوو  دەبێتە پرسێکی گەورە".

سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە ناو وڵاتانی جیھاندا نموونە بووە لە بواری دابینکردنی پێداویستیەکانی پەنابەری و ژیان بۆ پەنابەران، بەڵام ئەم یاسایە نوێیە بە تەواوی ماف و ژیانی پەنابەران دەگۆڕێت.