گرافیک... هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین

چەند هۆکارێک بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین هەن
گرافیک... گرانبوونی نرخی بەنزین
گرافیک... گرانبوونی نرخی بەنزین

K24 – هەولێر

رۆژانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 8 ملیۆن لیتر سوتەمەنییە، لەو بڕەش پێویستی بە زیاتر لە 4 ملیۆن لیتر بەنزینە. کوردستان24 بە گرافیک هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو.

سێ پاڵاوگەی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان هەن، یەکێک لە پاڵاوگەکان پاڵاوگەی یەکەمە لە هەولێر، کە توانای بەرهەمهێنانی لە 3 ملیۆن تا 3 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینە، ئێستا ئەو پاڵاوگەیە رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دێنێت.

پاڵاوگەی سلێمانی توانای بەرهەمهێنانی 2 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینە و ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک لیتر بەنزین بەرهەم دێنێت.

پاڵاوگەی دووەمی هەولێر، تایبەتە بە بەرهەمهێنانی گازوایل، رۆژانە یەک ملیۆن تا یەک ملیۆن و 500 هەزار لیتر گازوایل بەرهەم دێنێ.

هەر یەک لەو سێ پاڵاوگەیەی هەرێمی کوردستان، رۆژانە زیاتر لە 25 هەزار بەرمیل نەوتی خاویان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدەدرێت.

ماوەیەکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لە هۆکارەکان هاوردەکردنی بەنزینە لە دەرەوەی رێنماییەکان. هەروەها کەمبوونەوەی پێدانی نەوتی خاو بە پاڵاوگەکان و گرانبوونی نرخی نەوت لە جیهان. خاڵێکی دیکە ناجێگیری نرخی نەوت لە وێستگەکانی سوتەمەنی.

بەگوێرەی داتاکان ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان لە سەرووی یەک ملیۆن ئۆتۆمبێلە و 30 هەزار و 54 ئۆتۆمبێلیان حکومین.