ناوچە کوردستانییەکان بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕن

جوتیار عادل: دۆزی كورد، دۆزی خاكه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وامین بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، ئه‌مه‌ كاری له‌ پێشینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌
شاری كه‌ركووك
شاری كه‌ركووك

K24 - هه‌ولێر:

لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ناوچە کوردستانییەکان بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕن، ئەگەرچی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لەڕێی  شاندی تایبەتمەندەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی کردووە، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگه‌یاند، داوایان لە بەغدا کردووە جددیتر لەسەر ئەم بابەتە بێنە سەر خەت.

دوای رێککەوتن لەسەر بودجە، ئێستا کاتی ئەوەیە هەولێر و بەغدا گرێی ئەو دۆسیانە بکەنەوە، کە ساڵانێکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، دۆسیەی هەرە گرنگ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالە، بۆ ئەم بابەتانە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا جدییتر بێتە سەر خەت.

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "گفتوگۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا بابه‌تی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆزی كورد، دۆزی خاكه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وامین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، ئه‌مه‌ كاری له‌ پێشینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر هێڵین و داوامانكردووه‌، كه‌ هه‌ستمان به‌ بۆشاییه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازی كردووه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان".

لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ناوچە کوردستانییەکان بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕن، ئەگەرچی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لەڕێی شاندی تایبەتمەندەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی کردووە، بەڵام بە بڕوای چاودێرانی سیاسی ئەوەی رێگرە تا ئێستا دۆخەکە ئاساییبکرێتەوە، گرووپە چەکدارەکانن.

ناسر مەلا حەکیم، چاودێری سیاسی گوتی: "رێگری هه‌یه‌ له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ڵام ده‌بێت هه‌وڵی جددی بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێگرییه‌ی میلیشیا چه‌كداره‌كان و چه‌ند حزبێك كه‌ ئه‌جێندای وڵاتێكی ئیقلیمی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، رابگیرێت، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق هه‌وڵێكی زۆری داوه‌ ئه‌م ره‌وشه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌".

لە ماوەی رابردوو بەغدا بڕیاری دا بەپێی یاسای بودجە، مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوەی ماوەتەوە گەیشتنی پارەکەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێیە ئاخۆ بەغدا چەندە پابەندە بە بڕیارەکانی خۆیەوە، بۆ ئەوەی دواتر هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکانی دیکە بهاوێت.

د.ی