عه‌بدولباست سه‌یدا: داخستنی نووسینگەی کوردستان24 لەلایەن پەیەدە دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌یه‌ دیموکراسی لای ئەوان تەنها ئامرازێکە

"رێگریكردن له‌ ئازادی راده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامه‌"
ئۆفیسی سەرەکی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە هەولێر
ئۆفیسی سەرەکی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە هەولێر

K24  - هه‌ولێر:

عه‌بدولباست سه‌یدا، كه‌سایه‌تی دیاری سیاسی كورد له‌ سووریا و ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئیداره‌ی خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ و ئاسایش، به‌رده‌وام له‌ رێگریكردن له‌ ئازادی بڵاوكردنه‌وه‌ و راده‌ربڕین، وشه‌ی دیموكراسیه‌تیش ته‌نیا وه‌ك ئامرازێكه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی په‌یه‌ده‌.

عه‌بدولباست سه‌یدا، له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "رێگریكردن له‌ ئازادی راده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ری په‌یه‌ده‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامه‌ و دوایین كاریشیان له‌و بواره‌ داخستنی نووسینگه‌كانی كه‌ناڵی كوردستان24ـه‌".

عه‌بدولباست سه‌یدا، ئاماژەی بەوەشداوە: "ئه‌و كاره‌ی په‌یه‌ده‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ وشه‌ی دیموكراسیه‌ت له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌و ئیداره‌یه‌ ته‌نیا ئامرازێكه‌ بۆ كار و مه‌به‌ستی خۆیان به‌كاریده‌هێنن".

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 20ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021، هێزه‌كانی ئاسایشی په‌یه‌ده‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، نووسینگه‌كانیان كوردستان24یان داخست و دواتریش راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ گوایه‌ كوردستان24 گوتاری رقابه‌ری بڵاوده‌كاته‌وه‌.

دواتریش دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌: "بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان زۆر بە چاکی راستی کاری کوردستان24 و بەرپرسیارییەتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی دەزانن و باشیش ئاگادارن، کە کوردستان24 هەمیشە لە سەنگەری یەکڕیزی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام پێدەچێ ئەو بڕیارە بە فەرمانی شوێنی دیکە، بەسەریان سەپێندرابێت".

تویتی عه‌بدولباست سه‌یدا
تویتی عه‌بدولباست سه‌یدا