مه‌سرور بارزانی په‌یڕه‌وی نوێی مۆڵه‌تی خوێندنی واژوو كرد

K24 - هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یڕه‌وی نوێی مۆڵه‌تی خوێندنی له هه‌رێمی كوردستان واژووكرد و له‌مه‌ودوا به گوێره‌ی ئه‌م په‌یڕه‌وه مۆڵه‌تی خوێندن ده‌درێته ئه‌وانه‌ی درێژه به خوێندن ده‌ده‌ن.
به گوێره‌ی په‌یڕه‌وه‌كه، كه به په‌یڕه‌وی ژماره (11ی)ی ساڵی 2021 – په‌یڕه‌وی پێدانی مۆڵه‌تی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان – عێراق ناونراوه، له‌مه‌ودوا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ورده‌كارییه‌كان ده‌داته وه‌زاره‌تی پلاندانان، وه‌كو لیستی پسپۆڕییه‌كان له خوێندنی دیپلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا، لیستی زانكۆ و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه باوه‌ڕپێكراون له‌گه‌ڵ رێنماییه‌كانی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان.
به گوێره‌ی مادده‌ی 3ی بڕگه‌ی یه‌كه‌می په‌یڕه‌وه‌كه، لیژنه‌یه‌كی ناوه‌ندی بۆ پێدانی مۆڵه‌تی خوێندن پێكده‌هێنرێت و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش به‌لای كه‌مه‌وه ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بێت.
له مادده‌ی چواره‌م ئاماژه به‌وه كراوه، ئه‌وانه‌ی پله‌ی وه‌زیفیان (باڵا/أ و باڵا/ب) بێت، ناتوانن داوای مۆڵه‌تی خوێندن بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه بڕوانامه‌كانیان یه‌كسان ناكرێت و هیچ ماف و ئیمتیازاتێكیان پێ‌نادرێت.
هه‌ر له‌و مادده‌یه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، فه‌رمانبه‌ر ده‌بێت نووسراوی وه‌رگرتنی له یه‌كێك له زانكۆ و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا وه‌رگرتبێت، كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕپێكراوه، به‌لای كه‌مه‌وه دوو ساڵیش خزمه‌تی هه‌بووبێت له‌دوای دوا بڕوانامه‌ی خۆی.
وه‌ك ئاماژه‌شی بۆ كراوه، هیچ فه‌رمانبه‌رێك ناتوانێت داوای مۆڵه‌تی خوێندن بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس بكات له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
له مادده‌ی شه‌شه‌می په‌یڕه‌وه‌كه، كه باس له پابه‌ندبوونه‌كانی فه‌رمانبه‌ر ده‌كات، ئاماژه به‌وه كراوه، ده‌بێت فه‌رمانبه‌ر پابه‌ندی به‌ڵێننامه و گرێبه‌ستی تایبه‌تی مۆڵه‌تی خوێندن بێت، به‌ڵام مه‌رج نییه دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه له هه‌مان فه‌رمانگه خزمه‌ت بكات، كه سه‌ره‌تا داوای مۆڵه‌تی خوێندنی لێكردووه، به‌ڵكو به گوێره‌ی پێویست فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ی حكومه‌ت سوود له راژه‌كه‌ی وه‌رده‌گیرێت.
به گوێره‌ی په‌یڕه‌وی نوێ، ته‌نیا له یه‌ك حاڵه‌تدا مۆڵه‌تی خوێندن درێژ ده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بووبێت، ئه‌وه‌ش به راپۆرتێكی پزیشكی سه‌لمێنراو ده‌بێت، له كاتی هه‌بوونی راپۆرتی پزیشكیش ده‌توانرێت ماوه‌ی 6 مانگ بۆ دووجار له دوای یه‌ك ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كه درێژ بكرێته‌وه، به مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ده‌رماڵه جێگیره‌كان.
له حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر بۆ سێیه‌مجار شه‌ش مانگ ماوه‌كه‌ی درێژكرایه‌وه، به‌بێ مووچه ده‌بێت.
هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكیش ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی دیاریكراوی مۆڵه‌ته‌كه‌ی نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت و بڕوانامه‌كه به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وا ماوه‌كه‌ی به مۆڵه‌تی بێ مووچه هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی بۆ خوێندن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات مۆڵه‌تیان پێده‌درێت، مۆڵه‌تی ماوه‌ی فێربوونی زمانیشیان پێده‌درێت، ئه‌ویش به مه‌رج، به‌م جۆره: بۆ خوێندنی زمانی ئینگلیزی 6 مانگ مۆڵه‌ت و 3 مانگیشی بۆ درێژده‌كرێته‌وه. زمانه‌كانی دیكه 1 ساڵ مۆڵه‌تیان هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ماوه‌كه‌یان بۆ درێژ بكرێته‌وه.
مۆڵه‌تی ماوه‌ی فێربوونی زمان به‌و فه‌رمانبه‌رانه نادرێت كه پێشتر خوێندنی له هه‌مان ئه‌و وڵاته ته‌واو بكرێت، كه دووباره لێی ده‌خوێنێت.
پێدانی مۆڵه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ بڕوانامه‌ی ماسته‌ر یه‌ك ساڵی ئه‌كادیمی ده‌بێت و بۆ دكتۆراش دوو ساڵی ئه‌كادیمی.
له په‌یڕه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش دیاریكراوه، كه وه‌زیری خوێندنی باڵا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه، مۆڵه‌تی هاوه‌ڵی هاوسه‌ر یه‌كسان بكات، ئه‌و كاته‌ی مۆڵه‌تی هاوه‌ڵی هاوسه‌ری وه‌رگرتووه، به مه‌رجێك بڕوانامه‌كه‌ی له‌و زانكۆیه بێت، كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه باوه‌ڕپێكراوه و مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی هه‌بێت، كه پسپۆڕی خۆی بێت و هیچ پابه‌ندبوونێكی دارایی له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست نه‌كات.






