نەجات عەلی: ئامادەکاری تەواومان کردووە یەکەی 80 بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

"دوو لیوامان بە تەواوی ئامادەکردووە و تەنها رێکارە ئیدارییەکان ماوە"
نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80ی ھێزی پێشمەرگە
نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80ی ھێزی پێشمەرگە

K24 - هەولێر

فەرماندەی یەکەی 80ی ھێزی پێشمەرگە ئاشکرای کرد،  ئامادەكاری تەواویان کردووە، بۆ ئەوەی ھێزی 80 بخرێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دوو لیواش بە تەواوی ئامادەن بۆ ئەوەی بخرێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80ی ھێزی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "پڕۆسەیەکمان دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی یەکەی 80ی ھێزی پێشمەرگە بخرێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا دوو لیوامان ئامادەیە و تەنها هەندێک رێکاری ئیداری ماوە، ئەو هێزانەی ماون هەنگاو بە هەنگاو مەشق و راهێنانیان پێدەکەین و دەیانخەینەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

گوتیشی: "ئێمە بەرنامەمان ئەوە بووە کە هێزەکانمان بخەینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەم مەبەستە مەشق و راهێنان بە هێزەکانمان دەکەین، بۆ ئەوەی هێزەکانمان لەشێوەی رێکخستنی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە بکەین".