پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
K24- ههولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگهیاند، دوابەدوای ئامادەکردنی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (53)ی رێکەوتی (10/3/2021)ی ئەنجومەنی وەزیران، پەیڕەوەکە پەسەند کرا.
لەو بارەیەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا لە راگەیەنراوێکدا لەبارەى گرنگى پەیڕەوەکە رایگهیاند، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و رێکخستنى مۆڵەتى خوێندن بەپێى پێداویستییەکانى دامەزراوەکانى هەرێم، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەماهەنگى وەزارەتى پلاندانان و دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتى هەرێم کاردەکەن، بۆ دیاریکردنى پلان و ئەو پسپۆریانەى بۆ گەشەپێدانى بازاڕى کارى کوردستان گرنگن. ئەم پلانەش پەیوەندیدار دەبێت بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی بۆ گەشەکردنی ئابووری و زانستی هەرێمی کوردستان پێویستن.
هاوکات لەو پەیڕەوەدا مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و چۆنیەتی رێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان پێشکەشکاران خراوەتەڕوو لە پێناو زامنکردنی شەفافیەت و رەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
هەروەها بە پێی ئەم پەیڕەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنها دەتوانن مۆڵەتی خوێندن وەربگرن و درێژە بە خوێندن بدەن لەو زانکۆیانەی کە ئاستی زانستیان بەرزە و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە باوەڕپێکراون، ئەمەش زامنی پاراستنی کواڵیتی ئەو بڕوانامانەیە، کە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن. جیا لەوەش لەم پەیڕەوەدا ماوەی پێویست بۆ خوێندن و ماف و شایستە داراییەکان و ئەرك و بەرپرسیاریێتییەکانی فەرمانبەری مۆڵەتپێدراو بۆ خوێندن دیاری کراوە.
جێگەى ئاماژەیە لەدوای چەندین ساڵ لە نەبوونی پەیڕەوێکی یاسایی، کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسان بۆ خوازیارانی خوێندن دەستەبەربکات، ئەم ھەوڵە دەسکەوت و دەرفەتێکی گرنگ و پڕبایەخە بەئاراستەی شەفافییەت و عەدالەت و رێگەگرتن لە زۆری و بۆری بڕوانامەی ئاست نزم و بێ کوالێتی. لە ئیستاشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی ڕێنمایی پێویست، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ئەحکامەکانی ئەم پەیڕەوەدا مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە.
بۆ خوێندنەوەى دەقى پەیرەوەکە کلیك لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە: