تورکیا بە تەواوی ژیان ئاسایی دەکاتەوە

تورکیا سەرجەم رێکارەکانی کۆرۆنا هەڵدەگرێت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

تورکیا بڕیاریدا لە سەرەتای مانگی تەمموزی داهاتووەوە سەرجەم رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هەڵبگرێت و ژیان بە تەواوی ئاسایی بکاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی بڕیاریاندا کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە سەرجەم رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هەڵبگرن و لە دوای ئەو بەروارەشەوە هاووڵاتییان دەتوانن 24 کاتژمێر بچنە دەرەوە.

هەر بەپێی بڕیارەکانی تورکیا رێگای نێوان شارەکان بە تەواوی کراوە دەبن و بەربەستەکانی بەردەم گواستنەوەی ناوخۆیش بە تەواوی هەڵدەگیرێن.

هاوکات سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، لە هەفتەی رابردوو بەرزترین رێژەی ڤاکسینکردنی هاووڵاتییانمان لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکرد، بەپێی رێژەی دانیشتوان لەنێوان وڵاتانی جیهان.

لەوبارەوە فەخرەدین کۆجە، وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی 18 تاوەکو 20ی حوزەیران بە تێپەڕاندی ئاستی چین و ئەڵمانیا، تورکیا بەرزترین ئاستی لە وەرگرتنی ڤاکسینی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکردووە.

وەزیری تەندروستی تورکیا ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەر رۆژێکدا 1.45٪ی هاووڵاتییانی تورکیا ڤاکسین وەردەگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیادا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئامانجمانە ئەو کەسانەی کە لە سەروو تەمەنی 18 ساڵییەوەن هەموویان ڤاکسینی کۆرۆنایان لێبدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە دانیشتوانی تورکیا 83.6 ملیۆن هاووڵاتییە لە ژمارەیەش 42.7 ملیۆن کەس ڤاکسینی وەرگرتووە کە دەکاتە رێژەی سەدا 51.1ی دانیشتوانی تورکیا.

م.ه