دوای زیاتر لە دوو ساڵ نرخی نەوتی خاوی برێنت ئاستی 75 دۆلاری تێپەڕاند

بە رێژەی 0.2٪ بۆ 75.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە
نرخی نەوت
نرخی نەوت

هەولێر

نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ یەکەمجار دوای دوو ساڵ، ئاستی 75 دۆلاری تێپەڕاند، لەگەڵ داکەوتنی دۆلاریش لە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردوو، وەبەرهێنەران گەشبینین بە زیادبوونی خواست و روویان لە بازاڕی نەوت کردووە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئاب، بە رێژەی 0.2٪ بۆ 75.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی نیسانی ساڵی 2019ـەوە.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی تەمموز بە رێژەی 0.1٪ بۆ 73.56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، گەشبینییەکان لەبارەی خواست بۆ نەوتی خاو لە هەڵکشانە و هەر وەستانێک لە بەرزبوونەوە رووبدات، هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی خستنەڕوو دەگەڕێتەوە.

هەروەها بانک ئۆف ئەمەریکا پێشبینی دەکات، ناوەندی نرخی نەوت لەمساڵدا 68 دۆلار دەبێت و لە ساڵی 2022 لەگەڵ بوژانەوەی ئابووی دوای پەتای کۆرۆنا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزدەبێتەوە.