بۆ یەکەمجار عەمبارە نەوتییەکانی ئۆکلاهۆما خاڵی دەبن و بۆ بەکرێدان دەخرێنەڕوو

عەمبارە خاڵییەکانی ئەمه‌ریکا رەنگدانەوەی گەشانەوەی خواستە بۆ نەوت
عه‌مباره‌ نه‌وتییه‌كانی "ئۆکلاهۆما" له‌ ئه‌مه‌ریكا
عه‌مباره‌ نه‌وتییه‌كانی "ئۆکلاهۆما" له‌ ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:

عەمبارە نەوتییەکانی ئه‌مه‌ریكا، کە ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان سەرڕێژی نەوت بوون، ئێستا خاڵی بوونەوەته‌وه‌ و بۆ به‌كرێدان خراونه‌ته‌ڕوو له‌ ئەمه‌ریکا، ئه‌وه‌ش ئاماژەیەکە بۆ بەهێزبوونی خواست لەلایەن گەورەترین وڵاتی بەکاربەری نەوت لە جیهاندا.

بۆ یەکەم جار لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، عەمبارەکانی ئەمه‌ریکا لە "کۆشینگ"ی ویلایەتی "ئۆکلاهۆما" بۆ بەکرێدان دەخرێنەڕوو، کە خاڵی سەرەکی وەرگرتنی گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی رۆژئاوای تێکساسە.

ستیڤم بارسامیان، بەرپرسی بەگەڕخستن لە کۆمپانیای "تانک تایگەر" بۆ نێوەندگیری عەمبار کردن دەڵێت، بە لایەنی کەمەوە قەبارەی 1.4 ملیۆن بەرمیل لە مانگی تەمموزەوە ئامادەن بۆ بەکرێدان، کە نرخی کرێی هەر بەرمیلێک مانگانە 12 سەنتە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو قەبارەیەکی زۆر کەم هەبوو، تێچووی بەکرێدانی هەر بەرمیلێک 60 سەنت بوو مانگانە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ژمارەیەکی زۆری ئەمه‌ریکییەکان لە رێگەی زەمینی و ئاسمانی گەشت دەکەن، ئەوەش وایکردووە، پاڵاوگەکان ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن و خواست بەرزبووەتەوە، هاوکات ئەم هەفتەیە ویلایەتی "کالیفۆرنیا"ش کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی لەسەر ئاستی ئەمه‌ریکا هەیە، جارێکی دیکە دەستی بە چالاکییە ئابوورییەکان کردەوە، هەروەها زۆربەی بەربەستەکانیش لە بەردەم ویلایەتی "نیویۆرك" هەڵگیران.

ئەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاوە، دوای داڕمانی بازاڕەکان، بەشێوەیەک شوێن لە عەمبارەکان نەمابوو نەوت وەربگرن و کەشتییەکان بێ کڕیار لە زەریاکان دەسووڕانەوە، بەهۆیەوە لە 20ـی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، نرخی بەرمیل نەوتی برێنت بۆ سالب 37.63 دۆلار دابەزی، کە لە مێژووی بازاڕی وزە نرخی نەوت بۆ ئەو ئاستە دانەبەزیوە.

ئێستاش شوێنی خاڵی لە عەمبارەکانی ئەمه‌ریکا نموونەیەکی زیندووی دۆخی بازاڕە، کە خواست زیادیکردووە و بازرگانان هەوڵدەدەن لە نزیکترین کات نەوتەکانیان رادەست بکەن و هێشتنەوەی لە عەمبارەکان سوود بەخش نییە.  ئەوەش وایکردووە نرخی نەوت لە گرێبەستە خێراکان هەرزانتر بێت و نرخی نەوت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بەرزبێتەوە.

بەشێک لە بازرگانان پێیان وایە، لە چەند مانگی داهاتوو چەندین عەمباری دیکە خاڵی دەبن و پێشبینی دەکرێت خواست بۆ نەوت لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ بۆ بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بگەڕێتەوە. هەروەها بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ، لەگەڵ بەردەوامی سیاسەتی ئۆپێک پڵەس بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، کورتهێنان لە خستنەڕوو دروست دەبێت.

 

د.ی