وەزیری پەروەردە: میکانیزمێک بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ دادەنێین

ئەم هەفتەیە لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی ئەم بابەتە دەکرێت
ئالا حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە
ئالا حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کۆرۆناوە پرۆسەی خوێندن و کوالێتی وەک پێشتر نەماوە، هەفتەی داهاتوو میکانیزمێک بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ دادەنێن.

ئالا حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەهۆی کۆرۆناوە لەسەر ئاستی جیهان کوالێتی خوێندن دابەزیوە، چونکە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرۆسەی خوێندن و کوالێتی جۆرێک بووە، دواتر جۆرێکی دیکە بووە. دەوڵەتی وا هەیە سیستمی خوێندنی ستانداردە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە لە ساڵێکدا نەیتوانیوە 150 رۆژ دەوامی قوتابخانە بکەن، بێگومان کۆرۆنا زیانی بە پرۆسەی خوێندن گەیاندووە".

گوتیشی: "ئێستا لەسەر ئاستی جیهان توێژینەوە لەسەر ئەوە دەکرێت، چۆن قەرەبووی خوێندنی ئەمساڵ بکرێتەوە، ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەموو دونیاوە هەیە، بە سوود وەرگرتن لە پسپۆران، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لە ئەنجومەنی وەزارەت تاوتوێی ئەم پرسە دەکەین و میکانیزمێک بۆ قەرەبووکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دادەنێین".