"داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 به‌هۆی ئه‌داكه‌ی نه‌بووه‌ به‌ڵكو ئه‌مه‌ بڕیارێكی سیاسییه"

سكرتێری لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان: كوردستان24 له‌هه‌ر‌ چوار پارچه‌كانی كوردستان گرنگی به‌ پرسه‌كانی كورد و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات
د. نه‌زاكه‌ت حوسێن، سكرتێری لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان
د. نه‌زاكه‌ت حوسێن، سكرتێری لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان

K24 - هه‌ولێر:

د. نه‌زاكه‌ت حوسێن، سكرتێری لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان رایگه‌یاند، داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 به‌هۆی ئه‌داكه‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ بڕیارێكی سیاسییه‌ و پێده‌چێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیان ئه‌و بڕیاره‌ درابێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ كاره‌كانی كوردستان24 رازیم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان گرنگی به‌ پرسه‌كانی كورد و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات.

نه‌زاكه‌ت حوسێن بۆ كوردستان24 گوتی: "سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24ی له‌ رۆژئاوای كوردستان شه‌رمه‌زار كردووه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك نووسینگه‌یه‌ك داخرابێت، ئه‌مه‌ به‌ كارێكی نایاسایی ده‌زانین".

گوتیشی: "داخستنی كه‌ناڵ به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان و یاساكانی رۆژنامه‌وانی، كارێكی نایاساییه‌، مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر پڕۆسه‌ی ئازادی راده‌بڕین، مه‌ترسییە بۆ سه‌ر ئازادی میدیا، به‌ تایبه‌تی له‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ری رۆژئاوای كوردستان، خۆزگه‌ ئه‌م كاره‌یان نه‌كردبا، ئه‌گه‌ر كوردستان24 هه‌ر پێشێلكارییه‌كی كردبێت، یان گله‌ییه‌كیان لێی هەبێت، ده‌بووایه‌ په‌نایان بۆ یاسا ببردبا‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ر بانگه‌شه‌ی دیموكراتی و ئازادی راده‌بڕین ده‌كه‌ن".

سكرتێری لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌و كاره‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ر، جگه‌ له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان و سه‌نته‌ری میترۆ، له‌ ده‌ره‌وه‌ش رێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور و چه‌ند رێكخراوێكی دیكه‌ش ئیدانه‌یان كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و بڕیاره‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ر، ئه‌وه‌نده‌ی بڕیارێكی سیاسییه‌، بڕیارێكی پیشه‌ییانه‌ نییه‌، ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ناوخۆی ناوچه‌كه‌، له‌ژێر كاریگه‌ر و فشاری ده‌ره‌كی بڕیاره‌كه‌ دراوه‌، پێشتریش ئه‌و جۆره‌ بڕیاره‌ دراوه‌، به‌ڵام بڕیاری ئه‌مجاره‌یان به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كه‌، كه‌ كوردستان24 پێشێلكارییه‌كی ئه‌نجامدابێت.

نه‌زاكه‌ت حوسێن روونیكرده‌وه‌، ئێمه‌ له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رۆژنامه‌نووسانی ئازاد له‌ رۆژئاوای كوردستان واژوو كردووه‌، زۆر هاوكاریان بووین، بڕیاربوو فیدراسیۆنێكی یه‌كگرتووی رۆژنامه‌نووسانی كورد درووست بكه‌ین، به‌ڵام به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ و بێهه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24، پانتایی ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌گه‌ری له‌و ناوچه‌یه‌ زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

روونیشكرده‌وه‌، داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 به‌هۆی ئه‌داكه‌ی نه‌بووە، به‌ڵكو ئه‌مه‌ بڕیارێكی سیاسییه‌ و پێده‌چێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیان ئه‌و بڕیاره‌ درابێت، كه‌ نه‌ده‌بوو كارێكی وابكرێت، ئێمه‌ ئه‌و كاره ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ پێشێلكردنی كاری رۆژنامه‌گه‌رییه‌.

سكرتێری لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان جه‌ختی كرده‌وه‌، "تا راده‌یه‌ك زۆر له‌ كاره‌كانی كوردستان24 رازیم، به‌ تایبه‌تی له‌ كاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كانی كوردستان گرنگی به‌ پرسه‌كانی كورد و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات".

د.ی