سه‌در: كورد و سوننه له عێراق جێگه‌ى رێز و خۆشه‌ویستین
K24 – هەولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتى سه‌در، له توێتێكدا داواى له ئێران و سعودیه كرد، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى نێوانیان بكه‌ن، عێراق له‌و نێوانه‌دا سوودمه‌ند ده‌بێت.
موقته‌دا سه‌در، له تویتێكدا بڵاویكرده‌وه، "عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى به دوو خاڵ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌ى ناوچه‌كه جیاوازتره، ئه‌ویش (عه‌ره‌بیبوون و شیعه‌بوون)، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌ینێ كه كورد و سووننه له عێراق رۆڵیان نه‌بێت، ئه‌وان جێگه‌ى رێز و خۆشه‌ویستین، به‌ڵام عێراق به لانكه‌ى شیعه‌گه‌رایی له‌ناوچه‌كه ده‌ناسرێت".
سه‌در راشیگه‌یاند، عێراق كه‌وتووه‌ته نێوان دووبه‌رداشى گرنگ، ئه‌وانیش، عه‌ره‌بیبوون له رۆژئاواوه، شیعه‌بوون له باشووره‌وه، واته عێراق كه‌وتووه‌ته نێوان ناكۆكییه‌كانى عه‌ره‌بی سوننه و عه‌ره‌بی شیعه، ئێمه‌ى عێراقیش خاوه‌نى ره‌گ و ریشه‌یه‌كى عه‌ره‌بی كۆنین له‌ناوچه‌كه، شانازیش به شیعه‌بوونى خۆمان ده‌كه‌ین.
رێبه‌ری ره‌وتى سه‌در گوتیشى: ده‌بێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانمان ئاسایی بێته‌وه، ناكرێت لایه‌نگیری بۆ هیچ كام له‌و وڵاتانه بكه‌ین، ده‌بێت پرسی دراوسێیه‌تى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه له‌به‌رچاو بگرین، ده‌ست له‌كاروبارى ناوخۆی وڵاتانى دیكه وه‌رنه‌ده‌ین، ده‌بێت هه‌ماهه‌نگ و هاوكاری یه‌كتر بین.
روونیشیكرده‌وه، عێراق ده‌توانێت نێوه‌ندگیری له‌نێوان ئێران و سعودیه بكات، هیواخوازیشین له‌دواى ده‌ستبه‌كاربوونى "ئیبراهیم ره‌ئیسى" وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى نوێى ئێران، هیچ گرژییه‌ك له‌ناوچه‌كه دروست نه‌بێت.
سه‌در گوتیشى: داوا له ئێران و سعودیه ده‌كه‌ین، كێشه‌كانیان به شێوه‌یه‌كى ئاشتى چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌ستیش له‌كاروبارى عێراق وه‌رنه‌ده‌ن، چونكه عێراق له‌سه‌روبه‌ندى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه، ئه‌م په‌یامه‌مان بۆ ئوردن و سووریاشه، كه له رێى سعودیه و ئێران، ده‌ست له‌كاروبارى عێراق وه‌رنه‌ده‌ن.
ك.ب