به‌ره‌ی ئاشتی و ئازادی: هه‌ر له‌كاتی دامه‌زراندنییه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 بووه‌ته‌ ده‌نگی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان

پێویسته‌ ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان پرسیار له‌ خه‌ڵكی سه‌رێ كانیێ، گرێ سپی و عه‌فرین بكات ئایا كوردستان24 ده‌نگی ئه‌وانی گه‌یاندووه‌ته‌ جیهان یان نا؟
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

حه‌واس عه‌گید، هاوڕێزكاری ئۆفیسی په‌یوندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و دیبلۆماسیی به‌ره‌ی ئاشتی و ئازادی له‌باره‌ی داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 له‌ رۆژئاوای كوردستان گوتی: بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر بۆ داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ بنه‌ما دیموكراتییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردی رۆژئاوای كوردستان و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ دووره‌.

ئه‌م گوتانه‌ی حه‌واس عه‌گید له‌ كاتی به‌شداریكردنی له‌ بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان24ـدا له‌ شاری لوبه‌كی وڵاتی ئه‌ڵمانیا هاتوون و دووپاتیكرده‌وه‌، له‌كاتی دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا، دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 بووه‌ته‌ ده‌نگی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، به‌تایبه‌ت بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان.

هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته‌ ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان پرسیار له‌ خه‌ڵكی سه‌رێ كانیێ بكات، پرسیار له‌ خه‌ڵكی عه‌فرین بكات، پرسیار له‌ خه‌ڵكی گرێ سپی بكات و پرسیار له‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بكات، ئایا كوردستان24 ده‌نگی ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێته‌ جیهان یان نا؟ كوردستان24 ئێش و ئازاره‌كانی ئه‌وان ده‌گوازێته‌وه‌ یان نا؟ به‌ڕای من خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان زۆر باش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌داته‌وه‌".

عه‌گید جه‌ختی كرده‌وه‌، "بێگومان ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین، ئه‌و بڕیاره‌ له‌ راستییه‌وه‌ دووره‌، بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه‌، پێویست ده‌كات به‌زووترین كات له‌و بڕیاره‌یان پاشگه‌ز ببنه‌وه‌ و به‌رامبه‌ر به‌و بڕیاره‌ ره‌خنه‌ له‌خۆیان بگرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كام كه‌ناڵی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت وه‌ك كوردستان24 له‌ دۆخه‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا ببێته‌ زمانحاڵی ئێش و ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژئاوای كوردستان... داخستنی نووسینگه‌كانی له‌ بنه‌مای دیموكرتاییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردانی رۆژئاوای كوردستان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌‌ دووره‌".

حه‌واس عه‌گید ئاشكرایكرد، "بوونی كه‌ناڵێكی وه‌ك كوردستان24 و گه‌یاندنی زانیارییه‌كان به‌گوێره‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، مافی هه‌ر كه‌سێكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری زانیاریه‌كان بن، چ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بێت یان له‌ كۆمه‌ڵگه‌. من له‌و باوه‌ڕه‌دام یه‌ك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ باشه‌كانی كوردستان24 گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی دانوستانه‌كانی كوردی – كوردی بوو، كوردستان24 به‌ راستگۆیی توانیی ببێته‌ یه‌كێك له‌و كه‌ناڵه‌ ئاكتیڤانه‌ی كه‌ ده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كان و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی ناو ئه‌و دانوستانانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ رۆماڵ بكات وه‌ك خۆی بۆ خه‌ڵك بگوازێته‌وه‌".

H.B