ئەنجومەنی وەزیران له‌سه‌ر چه‌ند ته‌ورێك کۆدەبێتەوە

كۆبوونه‌وه‌كه‌ راپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی و رەشنووسی پڕۆژەیاسای "پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان" و ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ش تاوتوێ ده‌كات
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگه‌یاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021 کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی "مەسرور بارزانی"، سەرۆکی حکومەت و به‌ ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی"، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە کۆبوونەوەکەدا 3 ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌تایه‌تی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021.

بابەتانەی خوارەوە له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یه‌كه‌م: بەردەوامیدان بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021.

دووه‌م: خستنەڕووی پوختەی کۆبوونەوەکانی بەڕێز وەزیرەکانی (دارایی و ئابووری، کاروباری پێشمەرگە، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان) و بەڕێز سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لە مانگی ئایاری 2021 لەگەڵ لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، له‌بارەی راپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

سێیەم: خستنەڕووی راپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە رەشنووسی پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان - عێراق) کە لە (197) ماددە پێکهاتووە.

 

د.ی