ئیگناسیۆ دێلگادۆ: داخستنی نووسینگەکانی کوردستان24 سوکایەتیکردنە بە پرەنسیپەکانی ئازادی رادەربڕین

"کوردستان24 واقیعی رۆژئاوای کوردستانی گواستووەتەوە"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئیگناسیۆ دێلگادۆ، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا لە کۆمیتەی رۆژنامەوان لە مۆنتریا، لەبارەی داخستنی نووسینگەکانی کوردستان24 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند: "داخستنی نووسینگەکانی کوردستان24 زۆر خراپە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئێمە زۆر نیگەرانین لەو بڕیارە، ئەو كارەیان هێرش و سوکایەتیکردنە بە پرەنسیپەکانی ئازادی رادەربڕین و میدیا، هەڕەشەشە بۆ سەر راوبۆچوونی جیاواز لەو ناوچەیە".

گوتیشی: "ئەمە هەڕەشەی جدییە بۆ سەر تاک بە گشتی، خەڵک دەترسن لە نەبوونی دەنگ و رای جیاواز، ئەوەی کراوە کارێکی زۆر خراپە. داوا لە دەسەڵاتدارانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکەم بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە و بڕیاری کردنەوەی نووسینگەکانی کوردستان24 بدەن، چونکە داخستنی نووسینگەکانی کوردستان24 سوکایەتیکردنە بە خۆیان".

ئیگناسیۆ دێلگادۆ، ئاماژەی بەوەشدا: "دەبێ میدیا رۆڵی هەبێ و بیروبۆچوونی جیاواز هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو واقیعەی کە لەوێ هەیە بیگوازنەوە، کوردستان24 یەکێک بووە لەو کەناڵانەی واقیعی ئەوێی گواستووەتەوە و کارێکی باشی کردووە، بۆیە داخستنی نووسینگەکانی کوردستان24 کاریگەری بۆ سەر خۆیان دەبێت، ئەوەی ئەوان لەسەر کوردستان24 دەیڵێن هیچ بەڵگەیەکیان نەخستووەتەڕوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە بیسەلمێنن کوردستان24 توندوتیژی بڵاوکردووەتەوە".

جەختیکردەوە: "بە فەرمی داوا لە دەسەڵاتدارانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، بە بڕیارەکەیان دا بچنەوە و نووسینگەکانی کوردستان24 بکەنەوە و رێگە بە رۆژنامەنووسان بدەن بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن".