کارگەی قوتووبەندی هەریر دەکەوێتە کار

لە قۆناغی یەکەمدا رۆژانە 50 تۆن تەماتە وەردەگرێت
kurdistan24.net

K24 – هەریر

کارگەی قوتووبەندی هەریر، کە یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی قوتووبەندی لە هەرێمی کوردستان، کەوتە کار ئێستا رۆژانە 50 تۆن تەماتەی جوتیاران وەردەگرن.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، یەکێک لەو بەرهەمانەی لە کارگەکە وەردەگیرێت، بەرهەمی تەماتەیە کە ساڵانە بووەتە کێشەی سەرەکی ساغ نەبوونەوەی لە بازاڕەکان، بەمەش تا رادەیەک کێشەی جوتیاران چارەسەر دەبێت.

شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەی قوتووبەندی هەریر بە کوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی ئامێرەکانی کارگەمان گۆڕی لە چەند رۆژی رابردوودا تاقیکردنەوەمان کرد، ئێستا کارگەکە کاردەکات. کارگەی قوتووبەندی هەریر کۆمەڵێک ئامانجی هەیە یەکێک لەوانە رەخساندنی هەلی کارە بۆ خەڵکی ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ دەرچووانی کۆلیژ و پەیمانگاکان، بۆ ئەم مەبەستە پرۆسەیەکی شەفافمان راگەیاندووە و بۆ وەرگرتنی خەڵک بە سیڤی، ئێستا نزیکەی 50 کەسمان دامەزراندووە، لە داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەش وەردەگرین".

گوتیشی: "بەکارخستنی کارگەی قوتووبەندی هەریر دەبێتە پشتگیری باش بۆ جوتیاران و بەرهەمەکانیان وەردەگرین بۆ ئەوەی ماندوبوونیان بە فیڕۆ نەچێت".

بەڕێوەبەری کارگەی قوتووبەندی هەریر، ئاماژەی بەوەشدا: "کێشەی ئێمە و کارگەکانی دیکەی کوردستان ئەوەیە بەرهەمەکانمان ساغ نابێتەوە، چونکە ئەو بابەتانەی لێرە بەرهەمی دێنین لە وڵاتانی دراوسێ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن".

باسی لەوەشکرد: "ئەمساڵ تۆوی تەماتەمان داوەتە جوتیاران، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە تاقی بکەینەوە، چونکە هەموو جۆرە تەماتەیەک بۆ کارگە شیاو نییە، و رۆژانە تەماتە و دۆشاوی تەماتە تێست دەکەین، بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باش بنێرینە بازاڕەکان".

شوان حەمید، ئاشکراشی کرد: "ئێستا رۆژانە 50 تۆن تەماتە وەردەگرین، بەڵام ئەگەر بەشێوەی 24 کاتژمێر کار بکەین دەتوانین رۆژانە نزیکەی 150 تۆن تەماتە وەربگرین".