کتێبی بیرەوەرییەکانی عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی بڵاوکرایەوە
K24 – هەولێر
(شانێک بەبن باری نیشتمانەوە) ناونیشانی کتێبی بیرەوەرییەکانی کەسایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کوردستان عزەت سلێمان بەگ-ە، کە دوای کۆچی دوایی خۆی چاپ و بڵاوکرایەوە، تێیدا باس لە رووداوە مێژووییەکانی چەندین قۆناغی شۆڕشەکانی کوردستان دەکات.
لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسیی و رۆژنامەنووس و نووسەران و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، کتێبی یادەوەرییەکانی عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی بڵاوکرایەوە.
کرمانج عزەت، لەبارەی کتێبەکەی باوکی بە کوردستان24ی گوت: "باوکی کۆچکردوم، ساڵی 2020 پێی گوتم پێمخۆشە بیرەوەرییەکانم بکرێن بە کتێب. راستە ئەو کتێبە گێڕانەوەی خەباتی سیاسییە، بەڵام یادگاری خۆش و خەندەشی تێدایە کە خوێنەر لێی بێتاقەت نابێت".
عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێک بوو لە بەشداربووانی رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبی ژینواری عزەت سلێمان بەگ، گوتی: "مام عزەت، یەکێک بوو لە کاراکتەرە سیاسییە دیارەکان و بەشداربووە لە قۆناغە گرنگەکانی شۆڕشی کورد، هەروەها بەشداری لە گفتوگۆکانی نێوان شۆڕش و دەسەڵاتی پێشووی عێراق کردووە. مام عزەت پیاوێکی راستگۆ بوو، دڵنیام بە راستگۆی و بە راشکاوی باسی رووداوەکانی کردووە، بۆیە ئەو کتێبە پێویست بوو".
عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، لە ساڵی 1932 لە دایکبووە و یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی مەلا مستەفا بارزانی، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە داستانی هەندرێن و چەند نەبەردیەکی دیکە لە شۆڕشی ئەیلوول. لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی نەخۆشکەوتنی لە کاروباری سیاسی درووکەوتەوە، 30/1/2021 لە قەزای سۆران کۆچی دوایی کرد.