نرخی نەوت 76 دۆلاری تێپەڕاند

نرخی نەوت بەرزترین ئاستی تۆمارکرد
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە کۆتا مامەڵەکانی دوێنێ چوارشەممەدا ئاستی 76 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند، ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018.

لە کاتی داخرانی بازاڕەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ئاستی 76.02 دۆلاری تۆمارکرد.

لە میانی مامەڵەکانی ئەمڕۆش نرخی نەوت توانی پارێزگاری لە ئاستەکەی بکات و لە ئاستی 75.50 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە ئاستی 73.40 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش، گەشانەوەی خواستی جیهانە بۆ نەوت و کەمبوونەوەی بەرچاوی عەمبارە نەوتییەکانی ئەمەریکایە.