شاره‌زایه‌كی راگه‌یاندن: داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 له‌ رۆژئاڤا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌

جێی سه‌رسوڕمانه‌، رێكاری له‌و جۆره‌ دژی كوردستان24 گیراوه‌ته‌ به‌ر

K24 – هه‌ولێر:

شاره‌زای بواری راگه‌یاندن و مامۆستای زانكۆ، د. ره‌زوان بادینی، له‌ میانی گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ كوردستان24، رایگه‌یاند، بڕیاری ئیداره‌ی خۆسه‌ر بۆ داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24، بڕیارێكی هه‌ڵه‌ و جێی سه‌رسوڕمانه‌، رێكاری له‌و جۆره‌ دژی كوردستان24 گیراوه‌ته‌ به‌ر.

د. ره‌زوان بادینی ره‌خنه‌ی له‌ داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 له‌ رۆژئاوای كوردستان گرت و گوتیشی: ده‌ركردنی بڕیاری له‌و جۆره‌ ناپیشه‌ییانه‌ و نا زانستیانه‌یه‌ و كورد هه‌میشه‌ پێویستی به‌وه‌ بووه‌، له‌ رێی میدیاوه‌ په‌یامی بگه‌یه‌نێت و ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌یه‌ و هیچ راڤه‌یه‌ك هه‌ڵناگرێت.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری میدیا دووپاتیكرده‌وه‌، رووماڵكردنی كوردستان24 بۆ رووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌ رابردوودا كاریگه‌ری ئه‌رێنیان له‌سه‌ر دۆزی كورد و به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بووه‌ و كوردستان24 خزمه‌تی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردی له‌ رۆژئاوا كردووه‌.