"ساجیتا" و "رهحمان" فیلمه هیندییهكان دهكهنه راستی
K24 - ههولێر:
ئافرەتێكی هیندی كە 11 ساڵ بوو ون ببوو، دەركەوت ماوەی ئەم 11 ساڵە لە ماڵێكی دراوسێیان ژیاوە و دایك و باوكی پێیان نهزانیوه.
له ساڵی 2010، كچێكی 18 ساڵە بە ناوی "ساجیتا" لە "ئەیالەتی كرالا"ی هیند ون دەبێت و پۆلیسیش بۆ دۆزینەوەی هیچ سەرەداوێكی دەست ناكەوێت. ئێستا دوای تێپەڕینی 11 ساڵ بنەماڵەكهی زانیویانە كه كچەكهیان لەگەڵ خۆشەویستەكەی لە دراوسێیەتی خۆیاندا ژیاوە، بەڵام هیچ كات لە ماڵ دەرنەچووە.
ساجیتا، دوای دژایەتی دایك و باوكی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەی "رەحمان"، لەماڵ دەرچووبوو و تەواوی ئەم ساڵانە، بێ ئەوەی دایك و باوكی "رەحمان"یش هەستی پێبكەن، لەگەڵ خۆشەویستەكەی لە ژوورێك ژیاوە. "رەحمان" قفڵێكی ئۆتۆماتیكی لەسەر دەرگاكە دادەنێت، كە تەنیا "ساجیتا" دەتوانێت بیكاتەوە.
شەوانە یان كاتێك بنەماڵەی "رەحمان" لە دەوام دەبن، ئەو لە ژوورەكەی دێتە دەرەوە. دوای ئەوەی بنەماڵەی "ساجیتا" دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار دەكەنەوە، پۆلیس ئەم دوو خۆشەویستە دەستگیر دەكات بە تۆمەتی ژیانی هاوبەشی نایاسایی رەوانەی دادگایان دەكات.