نوێنەری سووریا: تورکیا دیمۆگرافیای رۆژئاوای کوردستان دەگۆڕێت

"تورکیا ناوی شوێنە گشتییەکانی بۆ ناوی عوسمانی گۆڕیوە و ئاڵای خۆی لەسەر باڵەخانەکان هەڵداوە"
بەسام ئەلسەباغ، نوێنەری سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایش
بەسام ئەلسەباغ، نوێنەری سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایش

K24 - هه‌ولێر:

بەسام ئەلسەباغ، نوێنەری سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگه‌یاند، تورکیا لەژێر ناوی "ناتۆ"دا لە سووریا داگیرکاری دەکات و ئاڵای وڵاتەکەی لەسەر باڵەخانەکانی باکوور و رۆژئاوای سوریا هەڵداوە و ناوی رێگا و شوێنە گشتیەکانی گۆڕیووە بۆ ناوی عوسمانی و پرۆگرامی خوێندنیشی گۆریوە. "ئەلسەباغ" ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تورکیا داگیرکارە و کاتی ئەوەیە ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی بێنە دەنگ.

بەسام ئەلسەباغ نوێنەری سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایش گوتی: "تورکیا هاوکاری گرووپە تیرۆریستیەکان دەکات، داگیرکاری کردووە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئاڵای تورکیا لەسەر ئۆفیسەکانی سووریا بەرزکردووەتەوە و والی بۆ ناوچەکان داناوە و ناو و ناونیشانی باڵەخانە و رێگا و شوێنە گشتییەکانی گۆڕیوە بۆ ناوی سه‌رده‌می عوسمانی و پڕۆگرامی خوێندنی گۆریوە".

گوتیشی: "کارەبای ناوچەکەی بەستووەتەوە بە تۆڕی کارەبای تورکیاوە، پارەی تورکی لە جێی پارەی سووری بەکاردەهێنن. مانگی سووری نێودەوڵەتی و سووری گۆڕیوە بۆ مانگی سووری تورکی".

نوێنه‌ری سووریا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "تاکەی ئەنجومەنی ئاسایش لەم پێشێلکارییانەی تورکیا بێدەنگ دەبێت، کە خۆی لەژێر ناوی "ناتۆ"دا شاردووەتەوە و داگیرکاری و پێشێلکاری دەکات. ئایا کاتی ئەوە نییە وڵاتان بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە؟".

د.ی