هه‌ولێر.. شوێنەوارێك بەکرێ دراوەتە چەند کرێکارێکی بەنگەلادیشی
K24 - هه‌ولێر:
گەڕەکی عەرەبان و خانەقا و تەعجیل، سێ لە گەڕەکە هەرە کۆن و مێژووییەکانی شاری هەولێرن، نزیکەی 10 ساڵە یونسکۆ بەهاوکاری چەند رێکخراوێك کار لەسەر نۆژەنکردنەوە و پاراستنیان دەکات، بەڵام وەکو پێویست گرنگیان پێنەدراوە و ژمارەیەک شوێنەواریش مەترسی رووخانیان لەسەرە، یەكیك لە خانووەکان کە تەمەنی زیاتر لە 300 ساڵە، خاوەنەکەی بەکرێی داوەتە کرێکارانی بەنگلادیشی.
ژمارەیەك خانووی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه بووەنەتە زبڵخانە، هەندێکیشیان کراون بە گەرانجی ئۆتۆمبێل، دیواری ژمارەیەك شوێنەواریش بوونەتە تابلۆی رێکلام، مێژووی دروستکردنی زۆربه‌ی خانوو و کۆشکەکانی گەڕەگی عەرەبان نزیکەی چوار سەدەی تێپەڕاندووە، بەڵام گرنگی ئەوتۆیان پێنەدراون و کەڵکی لێوەرنەگیراوە.
دابان رەمزی، ئەندازیار لە لیژنەی "بەفرزۆن" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و 3 گه‌ڕه‌كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ناوچه‌ی پارێزراو ناسراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا به پێی پلان نۆژه‌ن بكرێنه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه به‌هایه‌كی كولتووری به‌رزی هه‌یه، ئه‌و زۆنه به كۆد كاری له‌سه‌ر ده‌كرێـ، واتا هه‌ر خانوویه‌ك كۆدێكی هه‌یه، هه‌ر كۆڵانێكی كۆدێكی خۆی هه‌یه، به‌گوێره‌ی به‌ها و به‌رزییه‌كی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".
گەڕەگی عەرەبان، نەتەوە و ئایینی جیاوازی لێ ژیاوە، چه‌ندین خانوونی خێزانه جوولەکەكانی لێ بووه، له گه‌ڕه‌كه‌كه خانوونی ئەرمەنی و عەرەب و کریستیانەکان دەناسرێنەوە، نەخشەسازی خانوو و کۆشکەکان دیمەنێکی سەرنجراکێشیان هەیە، بەڵام بلۆک و کۆنکرێتەکان لە بەهاکەیانی کەمکردووەتەوە.
لە ساڵی 2011 پلانی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی "بەفر زۆن" لەلایەن تیمێکی شوێنەوارناسانی ئیتاڵی بەهاوکاری حکومەتی هەرێم داڕێژراون و رێکخراوی یونسکۆش سەرپەرشتیان دەکات، بەڵام وەک پێویست گرنگیان به‌و شه‌وێنه‌وارانه نه‌داوه، گەرەگە کۆنەکە هێشتا چەند خێزانێکی تێدا ماوە و لەبەرامبەر موڵکەکانیان داوای ماف دەکەن.
جەمال ئەحمەد، كه دانیشتووی گەڕەگی عەرەبان، داوا له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، به زووترین كات كار له‌سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه بووته هۆی كێشه و له‌ناوچوونی شوێنه‌واره‌كان و پیسبوونی خانووه‌كانی.
زیاتر لە هەزار خانوو و موڵك کەوتوونەتە بازنەی "بەفر زۆن"، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8 شوێنەواری وەکو مزگەوت و تەکیە و بازاڕ و کۆشك، کە مێژووی دروستکردنیان بۆ 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری شوێنەوارەکانیش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
د.ی